وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵییەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، هاوکات جەخت لە پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکاران دەکاتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 10ـی ئادار، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی ئەو پەلامارانە دەکات کە نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵییەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج و ئەم جۆرە کردەوانە بە کاری سەرکۆنەکراو دادەنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، وەزارەت هەڵوێستی نەگۆڕی کۆماری عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی هەر پەلامارێک کە بکرێتە سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵییەکان دووپات دەکاتەوە، لەگەڵ پەرۆشیی بۆ دابینکردنی پاراستنی تەواوەتی بۆیان، بە شێوەیەک کە مسۆگەریی بەردەوامیی کارەکانیان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە ژینگەیەکی ئارامدا بکات و لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا بگونجێت.
وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ هەر ڕووداوێک دەکەن کە ڕووبەڕووی نێردەکان ببێتەوە و ڕێوشوێنی یاساییی پێویست بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەو کارە دەگرنەبەر، بە شێوەیەک کە پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵییەکان مسۆگەر بکات و ئاسایشیان بپارێزێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پەلامارانە بکات، ئەمەش لەپێناو پاراستنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆستدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.