Erbil 31°C پێنجشەممە 13 ئاب 08:36

فوئاد حوسێن: عێراق ڕاستەوخۆ بووەتە قوربانیی ململانێکان و هەناردەی نەوت ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند وڵاتەکەی یەکێکە لەو دەوڵەتانەی لە بەردەوامیی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زیانی بەرکەوتووە و ئێستا لەلایەن هەردوولایەنی شەڕەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر.

ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، کە تێیدا پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکە و لێکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانیان تاوتوێ کرد.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە شەڕی ئێستا ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی کەنداو و ئێران لە پەیوەندیدایە. جەختی کردەوە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەر، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بووەتە شوێنی پێکدادانی لایەنە ناکۆکەکان، ئەمەش وڵاتەکەی کردووەتە لایەنێکی کاریگەرپێگەیشتوو نەک لایەنێکی شەڕکەر. هۆشداریشی دا کە داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، جووڵەی دەریاوانی لە ناوچەکەدا پەک خستووە و عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی وزەی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ڕووسیا باسیان لە ڕێککەوتنی چەند کێڵگەیەکی نەوتی کرد، کە هەردوو کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی و شیفرۆنی ئەمریکی تێیدا بەشدارن. هەردوولا لێکەوتە داراییەکان و میکانیزمی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان تاوتوێ کرد. هەروەها وەزیری ڕووسی بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی هاوتا عێراقییەکەی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی داهاتووی لێژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە لەژێر ئەو بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.