سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی نوێی لە بارەی باجە گومرگییەکان ڕاگەیاند هەروەها هێرشێکی توندی کردە سەر دادگای باڵای وڵاتەکەی و بڕیارێکی ئەو دادگایەی بە ''دژە ئەمریکی'' وەسف کرد.
ترەمپ لە لێدوانێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) ڕایگەیاند: دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ ئەو بڕیارەی دوێنێی دادگای باڵا دەریکردووە بڕیاریداوە بە شێوەیەکی دەستبەجێ باجی گومرگی جیهانی لەسەر وڵاتان لە 10%ەوە بۆ لە %15 بەرز بکاتەوە.
ترامپ لە لێدوانەکەیدا گوتی: زۆرێک لە وڵاتان بۆ چەندین دەیەیە ئەمریکا دەڕووتێننەوە بەبێ ئەوەی هیچ سزایەک بدرێن، تا ئەو کاتەی من هاتم. ئێستا باجەکان بۆ ئاستی %15 بەرز دەکەینەوە کە ئاستێکی ڕێگەپێدراوی یاساییە.
سەرۆکی ئەمریکا بڕیارەکەی دادگای باڵای بە شێوەیەکی نائاسایی دژە ئەمریکی ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارەی ئەو بۆ زیادکردنی باج، وەڵامێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
ترامپ جەختی کردەوە کە لە چەند مانگی داهاتوودا، ئیدارەکەی باجی نوێ و یاسایی دیاری دەکات، ئەمەش وەک بەشێک لە پرۆسەی ''مەزنکردنەوەی ئەمریکا - مەزنتر لە هەر کاتێکی تر''.
ئەم بڕیارەی ترامپ پێشبینی دەکرێت کاردانەوەی گەورە لە بازاڕە جیهانییەکان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی تردا دروست بکات، بەتایبەت کە ڕاستەوخۆ دەستکاری نرخ و تێچووی هاوردەکردنی کاڵاکان دەکات بۆ ناو خاکی ئەمریکا.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.