Erbil 31°C پێنجشەممە 13 ئاب 00:38

سەرۆکی حکوومەت تاجەگوڵینەی لە بەردەم مۆنیۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەکشەممە 2/1، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، لە پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

لە بیست و دووەمین ساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات، بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی یەکی شوبات و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کونسوڵ و دیپلۆماتی وڵاتان، سەرۆکی حکوومەت تاجەگوڵینەی لەبەردەم مۆنیۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا.

ڕۆژی یەکی شوباتی ساڵی 2004، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستیدا، زیاتر لە سەد کەس شەهید بوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای رێوڕەسمەکەش، سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: "هیوادارین ئەم نەهامەتییانە چیتر بەسەر میللەتی کورددا نەیەت. ئەمڕۆ ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی کوردستانە کە بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا شەهید بوون. ئەمڕۆ یادکردنەوەی ئەم شەهیدانە و هەموو شەهیدانی رێگەی ڕزگاریخوازی کوردستانە، دەبێ ئەو پەیامەمان پێ بدات کە دەبێ ئێمە یەکگرتوو و خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و ڕێگەی ئەو شەهیدانە بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی کۆتایی گەلەکەمان."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک بارزانی لە ڕێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە کرد و گوتی: "خۆتان دەزانن جەنابی سەرۆک بارزانی رۆڵی سەرەکی بینیوە لە گەیشتنی لایەنەکان بە یەک بۆ ئەوەی گرژییەکان بوەستن و ئاگربەست دەست پێبکات و بەردەوام بێت و ئیتر بگەن بە ئەنجامێک. بیستمان ئێستا رێککەوتنێکی سەرەتایی بووە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە، هیوادارین ئەو رێککەوتنە فراوان بکرێ و ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردستانییەکان."

گوتیشی: "دڵخۆشین بەوەی شەڕ بوەستێت، مافەکانی خەڵکی هەموو سووریا، بە تایبەتی کوردەکان بە شێوەیەکی یاسایی و لە دەستووردا جێگیر بکرێ، ئاشتی بەرقەرار بێت، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە."

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراقیش، ئەوەی خستە ڕوو کە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو پۆستە نەکراوە و گوتی: "چاوەڕێین بزانین ئەو شاندانەی دێن و دیدار لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەن و لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتیش، ئێمە ئەو وەختە بەپێی پێداویستییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان چ بە بەرژەوەندی بێت، ئەوە بڕیاری لێ دەدەین".

سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی کردەوە: "هەر دوای هەڵبژاردنی کوردستان کە ساڵێک زیاتری بەسەردا تێپەڕیوە، گوتمان پێویستە ڕێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان و ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت، ئێمە لەسەر ئەو ڕایەی خۆمان بەردەوامین و ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبنە بنەمای دروستکردنی کابینەی حکوومەت. سەبارەت بە بەغداش تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، گفتوگۆکان بەردەوامن بزانین بە چی دەگات."

لەبارەی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێک نەکەون، کاریگەریی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم نابێت؟ سەرۆکی حکوومەت گوتی: "دوو پرسی جیاوازن، هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە و هەڵبژاردنێکی تریش لەسەر ئاستی عێراق کراوە، دوو پرسی جیاوازن و پێموانییە ئەمانە تێکەڵ بکرێن هیچ لە شتەکان بگۆڕێن، بۆیە ئێمە وەک دوو پرسیار جیاواز تەماشای هەردوولا دەکەین."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.