Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 16:59

هەسەدە: گروپەکانی سەر بە دیمەشق ئاگربەستیان پێشێل کرد و منداڵێک شەهید بوو

کوردستان TV
100%

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق زنجیرەیەک پێشێلکاریی مەترسیداریان لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانی ئەنجام داوە کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی منداڵێک و برینداربوونی چەندین کەسی دیکە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، هێرشەکان لە کاتژمێر 10ی بەیانیی دوێنێوە دەستیان پێ کردووە، کاتێک گرووپەکانی سەر بە دیمەشق بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هێرشیان کردە سەر میحوەرەکانی شارۆچکەی "جەلەبیە" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی، بەڵام هێرشەکە تێک شکێنراوە. هەروەها تۆپخانەکانی ئەو گرووپانە گوندی "قاسمیە"یان لە ڕۆژئاوای کۆبانی بۆردومان کردووە، کە بەهۆیەوە منداڵێک شەهید بووە و سێ ئەندامی تری هەمان خێزان بریندار بوون.

لە بەشێکی تری پێشێلکارییەکاندا، کاتژمێر 7:30ـی ئێوارە، گوندی "قری" لە سنووری شاری گرکێلەگێ بە سێ درۆنی خۆکوژ کراوەتە ئامانج و زیانی ماددیی لێ کەوتووەتەوە. هەروەها کاتژمێر 10:40ـی شەو، گوندی "سەفا" لە گوندەواری چل ئاغا (جەوادیە) کراوەتە ئامانج.

هەسەدە ئاشکرای کردووە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، بێجگە لە شەهیدبوونی منداڵێک و برینداربوونی سێ کەسی مەدەنی، چوار شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بریندار بوون.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هەسەدە داوای لەو لایەنە نێودەوڵەتییانە کرد کە گەرەنتیی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیان کردووە، بەرپرسیاریەتیی خۆیان هەڵبگرن و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانەی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق دابنێن و پارێزگاری لە ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.