لە پەراوێزی کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) کۆبوونەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح کۆمسیاری باڵای پەنابەران لە داڤۆس لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا کۆبوونەوە و هەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر دۆخی گشتیی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە هەروەها باسیان لە پێویستیی هەماهەنگی زیاتر کرد بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارەکان و سووککردنی ئەو بارگرانییە مرۆییەی کە لەسەر ناوچەکە دروست بووە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ باسکردنی پێکدادان و ڕووبەڕوونەوە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی سووریا. لەمبارەیەوە، هەردوولا هاوڕابوون کە بەردەوامیی ئەو گرژییانە کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر دۆخی پەنابەران دەبێت و دەبێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەیی.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، باس لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش کرا. مەسرور بارزانی و کۆمسیاری باڵای پەنابەران جەختیان لەوە کردەوە کە ناسەقامگیری ناوچەکە دەرفەت بۆ سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان دەڕەخسێنێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان کردەوە، دووپاتیان کردەوە کە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ چارهسهركردنی کێشە مرۆییەکان و دوورخستنەوەی هەڕەشەی تیرۆر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.