ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، دوای گەمارۆدان و تۆپبارانکردنی زیندانی "ئەلئەقتان" لە باکووری شاری ڕەققە، سەرچاوەی ئاوی زیندانەکەیان بڕیوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی لەو زیندانەدا کە ژمارەیەک لە چەکدارانی ڕێکخراوی داعش تێیدا ڕاگیراون.
ڕۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکارییەکانی دۆخی زیندانی "ئەلقەتان"ی خستەڕوو. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق نەک تەنها ئاویان بڕیوە، بەڵکو بینا و دامەزراوەکانی زیندانەکەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تۆپباران کردووە. ئەم هێرش و گەمارۆیە بووەتە هۆی دروستبوونی کەمییەکی زۆر لە پێداویستییە خۆراکی و پزیشکییەکاندا، دۆخێک کە مەترسی لەسەر ژیانی زیندانییەکان دروست کردووە.
هەسەدە لە پەیامەکەیدا ئەم کردەوانەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی پێوەرە مرۆییەکان" وەسف کردووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەو هێزانە جەختی کردەوە کە حکوومەتی دیمەشق بەرپرسیاری تەواوە لە هەر دەرهاویشتەیەکی ئەمنی یان مرۆیی کە لە ئەنجامی بڕینی ئاو و گەمارۆدانی ئەو زیندانەوە بکەوێتەوە، بەتایبەتی کە زیندانەکە شوێنی ڕاگرتنی ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعشە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە بە پەلە دەستوەردان بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی زیندانەکە و ڕێگریکردن لەو قەیرانە مرۆییەی کە بەهۆی کردەوەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە دروست بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.