ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ ساڵی دارایی 2026 بە بڕی 901 ملیار دۆلار پەسەند کرد و بۆ واژۆکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەوانەی کۆشکی سپیی کرد.
ئەنجومەنی پیران بە 77 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 20 دەنگی نەخێر، ئەم پاکێجە داراییەی پەسند کرد کە سیاسەتەکانی بەرگری و ئەولەویەتەکانی پێنتاگۆن دیاری دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە 312 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 112 دەنگی نەخێر پڕۆژەکەی پەسەند کردبوو؛ ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ پشتیوانیی بەهێزی هەردوو پارتە سەرەکییەکە لە پڕۆژەکە.
وردەکارییەکانی بودجەکە؛ لە مووچەوە بۆ کێبڕکێی چین
پڕۆژەیاسای "تەرخانکردنی بودجەی بەرگریی نیشتمانی 2026" (NDAA)، کۆمەڵێک بڕگەی گرنگ لەخۆ دەگرێت:
زیادکردنی مووچە: مووچەی سەربازان بە ڕێژەی 4% زیاد دەکرێت.
کێبڕکێی زلهێزەکان: جەخت لە نوێکردنەوە و چاککردنی پرۆسەی کڕینی کەرەستەی سەربازی کراوەتەوە بە ئامانجی کێبڕکێ لەگەڵ ڕووسیا و چین.
هاوکاریی ئۆکرانیا و ئەوروپا: بڕی 800 ملیۆن دۆلار بۆ کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا تەرخان کراوە بۆ پڕچەککردنی ئۆکرانیا، هەروەها 175 ملیۆن دۆلار بۆ "دەستپێشخەریی ئەمنیی بەڵتیک" (لیتوانیا، لاتڤیا و ئیستۆنیا) تەرخان کراوە.
ناکۆکی یاسای بودجە لەگەڵ سیاسەتەکانی ترەمپ
بەپێچەوانەی خواستی دۆناڵد ترەمپ کە هەوڵی کەمکردنەوەی پابەندبوونە ئەمنییەکانی دەدا لە ئەوروپا، یاساکە پێنتاگۆن پابەند دەکات:
- ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا نابێت لە 76 هەزار سەرباز کەمتر بێتەوە.
- فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دەبێت نازناوی "فەرماندەی باڵای ناتۆ" بپارێزێت.
هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری جەنگی عێراق
یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکانی ئەم یاسایە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتانەیە کە کۆنگرێس لە ساڵانی 1991 و 2002 بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی عێراق بە سەرۆکی دابوو. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە رێگری بکرێت لەوەی سەرۆک ئەو یاسا کۆنانە بەکاربهێنێت بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ (وەک چۆن ساڵی 2020 ترەمپ بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی پشتی پێ بەستبوو).
ڤەنزوێلا و هۆشداری بە وەزیری بەرگری
یاساکە هۆشداری دەداتە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری، ئەگەر ڤیدیۆی دەستکارینەکراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی دژی قاچاخچییەکان ڕادەستی کۆنگرێس نەکات، ئەوا بەشێک لە بودجەی گەشتەکانی ڕادەگیرێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ڤەنزوێلا و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
بابەتە کولتوورییەکان
یاساکە بابەتی ناسراو بە "شەڕی کولتووری"شی تێدایە، لەوانە قەدەغەکردنی بەشداریکردنی ژنانی ترانسجێندەر لە یارییە وەرزشییە تایبەتەکانی ژنان لە ئەکادیمیا سەربازییەکاندا. هەروەها داواکارییەکەی ترەمپ بۆ گۆڕینی ناوی "وەزارەتی بەرگری" بۆ "وەزارەتی جەنگ" ڕەت کراوەتەوە و بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.