بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (Iran Air) ئاماری مەترسیداری سەبارەت بە دۆخی دارایی و هونەریی کۆمپانیاکە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، زۆربەی فڕۆکەکانیان لەکار کەوتوون و بڕێکی زۆر پارە قەرزداری فڕۆکەخانە بیانییەکانن.
تاهیر عەبدولحەی، بەڕێوەبەری "ئێران ئەیر" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دانی بەوەدا نا کە دۆخی کۆمپانیاکە زۆر خراپە و وتی: "ئێستا لە کۆی فڕۆکەکانمان تەنیا 8 فڕۆکە چالاکن."
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە لەو 13 فڕۆکەی جۆری (ATR)ـەی کە هەیانە، تەنیا 2 دانەیان کار دەکەن. هەروەها ئاشکرای کرد کە دوو فڕۆکەی جۆری (Airbus A330-200) کە کڕیبوویان، دەستیان بەسەردا گیراوە.
سەبارەت بە قەرزەکانی کۆمپانیاکە، عەبدولحەی ڕایگەیاند نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار قەرزداری فڕۆکەخانە دەرەکییەکانن، لەوانە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، ئیستانبوڵ، دوبەی، جەددە، مەدینە و دەمام.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە قەرزی ئەو فڕۆکانەی لە سەردەمی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا کڕدراون کە بریتی بوون لە 13 فڕۆکەی ATR و 2 ئێرباسی A330 و یەک ئێرباسی A321، لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە 350 ملیۆن دۆلار.
بەڕێوەبەری ئێران ئەیر باسی لەوە کرد کێشەی گەشتەکانی ئەورووپا هێشتا چارەسەر نەکراوە، بەڵام بۆ گەشتەکانی ئیستانبوڵ خەریکی دانوستانن تا بە شێوازی قیستی 6 مانگە قەرزەکان بدەنەوە و هەفتەی داهاتوو گەشتەکان دەست پێ بکەنەوە.
عەبدولحەی ئاشکراشی کرد داهاتی گەشتەکانی حەجیان تا مانگی 4ی ساڵی داهاتوو پێشوەختە خەرج کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.