Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 17:03

ترەمپ: ئەگەر ئێران هەوڵی بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بدات، جارێکی دیکە وێرانیان دەکەینەوە

کوردستان TV
100%


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پەیامێکی توند و یەکلاکەرەوەی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تاران کرد و ڕایگەیاند؛ هەر هەوڵێکی کۆماری ئیسلامی بۆ زیندووکردنەوەی ژێرخانی ئەتۆمی و مووشەکی، ڕووبەڕووی وەڵامێکی وێرانکەر دەبێتەوە، هاوشێوەی ئەو هێرشەی پێشتر کرایە سەریان.

شەوی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەم، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا و وردەکاریی نوێی لەبارەی دۆخی سەربازیی ئێران و ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا خستە ڕوو.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە لە 22ـی حوزەیرانی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان و هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای ئەمەریکا گورزێکی کوشندەی وەشاندووە. بە وتەی ترەمپ، بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-2) و مووشەکی "تۆماهۆک"، سێ جومگەی سەرەکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، نەتەنز و ناوەندی ئیسفەهان)یان کردووەتە ئامانج و بە تەواوی "تەختی زەوی"یان کردوون.

ترەمپ وتی: "توانای ئەتۆمیی تارانمان لە ڕەگەوە دەرهێناوە و وێرانمان کردووە."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ وەک پەرچەکردارێکی خێرا بوو بۆ قسەکانی عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. تەنها چەند کاتژمێرێک پێش قسەکانی ترەمپ، خامەنەیی لە کۆبوونەوەیەکدا وتبووی کە باسکردنی ئەگەری جەنگێکی دیکە تەنها بۆ "ترساندنی خەڵک"ـە و ڕەتی کردەوە هیچ مەترسییەکی سەربازی لە ئارادا بێت.

خامنەیی کە پێشتر لە مانگی ئەیلوول هۆشداری دابوو لە دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی"، ڕۆژی پێنجشەممە هەوڵی دایە دڵی لایەنگرانی خۆی بداتەوە، بەڵام ترەمپ بەم لێدوانە دڵنیایی دا کە بژاردەی سەربازی لەسەر مێزە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وێنەیەکی لاوازی بۆ ئێران کێشا. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە بەرپرسانی تاران خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە ناتوانن لەو شوێنانەی پێشوو دەست پێ بکەنەوە و دەبێت شوێنی نوێ بدۆزنەوە. ترەمپ وتی: "تاران ئێستا بە توندی لاواز بووە، ترس لە ئێران نەماوە و سەرکردەکانیان دەپاڕێنەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن."

ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێت کە "جەنگی ١٢ ڕۆژە"ی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هاوکێشەکانی ناوچەکەی گۆڕی. پێش هەڵگیرسانی ئەو جەنگە، تاران و واشنتن پێنج گەڕی دانوستانی نهێنییان لە عومان بەڕێوە بردبوو، بەڵام گەڕی شەشەم بەهۆی دەستپێکردنی شەڕەوە هەڵوەشایەوە.

هەرچەندە حکوومەتەکەی مەسعود پزیشکیان چەندین جار ئامادەیی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ نیشان داوە، بەڵام مەرجە قورسەکانی ئیدارەی ترەمپ و هەڵوێستی توندی خامەنەیی کە دەڵێت "کێشەی ئێمە و ئەمەریکا زاتییە"، ڕێگرن لە هەر چەشنە پێشوەچوونێک.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.