وتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی تەواوکردنی مامەڵەی حاجییان تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک لەو وادەیە دوا بکەوێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: "ئاگاداری هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە ناویان لە تیروپشکی حەجی ساڵی ٢٠٢٦ دەرچووە، پێویستە بەزووترین کات و تا ڕۆژی پێنجشەممە (27ی تشرینی دووەمی 2025)، سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن."
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە پڕۆسەکە دەستی پێ کردووە و لەپێناو تەواوکردنی مامەڵەکاندا، تەواوی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک وهەڵەبجە و هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، گەرمیان، زاخۆ و ڕاپەڕین، تەنانەت ڕۆژانی شەممەش بەبێ پشوو دەوامیان کردووە.
ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی کە هەر هاووڵاتییەک دوابکەوێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت، چونکە پێشتر چەندین جار لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئاگادارکردنەوەیان بڵاوکردووەتەوە.
سەبارەت بە بەڵگەنامە پێویستەکان، کاروان ستونی ڕوونی کردەوە کە پێویستە حاجیان لە کاتی سەردانکردنی نووسینگەکاندا ئەم بەڵگەنامانەیان پێ بێت:
- پاسپۆرتی ئەسڵی
- کۆپیی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاریی بە شێوەی ڕەنگاوڕەنگ و لە یەک لاپەڕەدا
- تێچووی حەج کە بڕەکەی 7 ملیۆن و 100 هەزار دینارە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.