نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە پارێزگای میسان بەهۆی رووداوێكی تەقەكردن، پۆلیسێك كوژرا و سێی دیكەش بریندار بوون.
پۆلیسی پارێزگای میسان سەبارەت بە رووداوەكە بڵاوی كردەوە، كەسێك لەنێو ماڵەكەی خۆیدا بەشێوەی هەڕەمەكی تەقەی كردووە، بەهۆیەوە بووەتە جێگەی ترس و دڵەڕاوكێی هاوسێیەكان و هەروەها هاووڵاتییان.
هێزەكانی پۆلیس راستەوخۆ چوونەتە شوێنی رووداوەكە و بە بڵندگۆ داوایان لە تەقەكەرەكە كردووە خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ئەو بەردەوام بووە لە هەڕەشە و تەقەكردن.
دواتر هێزەكانی پۆلیس چوونەتە ناو خانووەكە و بەهۆیەوە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان تۆمەتبارەكە و هێزەكە دروستبووە و لە ئەنجامدا پۆلیسێك كوژراوە و سێی دیكەش بریندار بوون.
پۆلیسی پارێزگای میسان ئاماژەی بەوەش دا كە دوای رووبەڕووبوونەوەكان، تەقەكەرەكە كوژراوە و لێكۆڵینەوەكانیش لەسەر هۆكاری رووداوەكە دەستی پێ كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.