سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند هێشتا لە بەغدا هێندێک کەس لە ژێر کاریگەریی ئەو کەلتوورەدان کە ئەنفالی دروست کرد و جەختی کردەوە نابێ ئەو کەلتوورە لە عێراق بمێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە،10/28 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد، لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆنفرانسەکە بەشێکە لە هەوڵەکانی بەدیکۆمێنتکردنی زانستییانەی تاوانەکانی ئەنفال و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەرەو دانپێدانانی نێودەوڵەتیی بە جینۆسایدی گەلی کوردستان.
سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا بە ئاماژەکردن بە قۆناغەکانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە ڕایگەیاند، هێشتا لە بەغدا هێندێک کەس لە ژێر کاریگەریی ئەو کەلتووردان کە ئەنفالی دروست کرد.
سەرۆک بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی نابێ ئەم کەلتوور لە عێراق بمێنێت نابێ ئەم تاوانانە لەبیر بکرێن و دەبێ نەوەی داهاتوو بزانن چی بەسەر باب و باپیرانیان هاتووە. بزانن ئەو ئازادییەی بەدەست هاتووە، بە چ نرخێک بەدەست هاتووە و منەتی کەس نییە و کەس خێری بە ئێمە نەکردووە.
سەرۆک بارزانی گوتیشی لە هەموو جیهاندا هیچکات نەبووە حکوومەتێک میللەتی خۆی کیمیاباران بکات و ئەمە تەنیا لە کوردستان کراوە و منداڵی شیرخۆرە و ئافرەتی دووگیان بە کیمیاباران شەهید کراون.
گوتیشی خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو تاوانەی بەرانبەری کرابوو، کاتێک دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا تۆڵە بکاتەوە، ئەم کارەی نەکرد و بەم کارەش وانەیەکی گەورەی پێشانی جیهان دا بەڵام بە داخەوە نرخ و قەدری ئەم کارەی خەڵکی کوردستان نەزانرا.
جەختیشی کردەوە دەبێ ئەو گەرەنتییە هەبێ جارێکی دیکە ئەم تاوانە نە لە کوردستان و نە لە هیچ جێیەکی دیکە دووبارە نەبنەوە. خەڵکی بێگوناه چۆن دەبێ بە خوێنساردی شەهید بکرێن، وەک هیچ ڕووی نەدابێت.
دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە کۆنفڕانسی جینۆسایدی گەلی کوردستان لە دهۆک
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
میوانانی بەڕێز، ئامادەبووانی بەڕێز،
قەدەری گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو هەر ئێش و ئازار و ستەم بووە، بە تایبەتی لە سەدەی رابردوو بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و بەرنامەڕێژکراو، جینۆسایدی گەلی کوردستان دەستی پێ کرد. ساڵی 1975 تا ساڵی 1982 جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەستی پێ کرد و بە پێی هەموو ئەو زانیارییانەی هەیە، جیا لە دەرکردنی هەزاران خانەوادەی فەیلی کە سەدان ساڵ بوو لە عێراق دەژیان و تاڵانکردنی هەموو سامانی ئەوان، 12 هەزار گەنجی فەیلی کە تەمەنیان لە نێوان 82 تا 30 ساڵی بوو، بێسەروشوێن کران و تا ئێستاش کەس نازانێ گۆڕی ئەوان لە کوێیە. ئەوەی بۆ ئێمە دەرکەوتووە، ژمارەیەکی زۆر گەنجی فەیلی و بارزانییان بردووە بۆ عەکاشات و قائیم بۆ ئەوەی چەکی کیمیاییان لەسەر تاقی بکەنەوە.
دوای ئەو ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵی 1983، دواتر ئەنفالی بەربڵاوی سەرتاسەری کوردستان لە ساڵەکانی 1987 و 1988، پاشان کیمیاباران دەستی پێ کرد لە دۆڵی خۆشناوەتی و دۆڵی بالیسان و ناوچەی نێروەی ئامێدی کە چەندین بارەگای پێشمەرگە و بارەگای لقی یەکی پارتی کیمیاباران کران. پاشان تاوانی مەزن لە 16/03/1988 کیمیابارانی هەڵەبجە بوو کە دەتوانین بڵێین لوتکەی ئەو تاوانە بوو کە دەستیان پێ کردبوو.
دوایین جینۆسایدی گەورە کە خوێن لە دڵی مرۆڤ دێنی، جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو لە ساڵی 2014. ئەوە هەموو پێشان دەدات کە قۆناغ بە قۆناغ چ ستەمێک لەم میللەتە کراوە و ئەم میللەتە چ قوربانییەکی بۆ ئەم ئازادییە داوە کە بەدەستی هێناوە.
ئەم تاوانانە ئەوەندە مەزنن کە لەبیر ناکرێن. هەرگیز لەبیر ناکرێن. بەڵام تۆ سەیری گەورەیی ئەم میللەتە بکە. خەڵکی کوردستان، ڕۆژێک کە خوا دەسەڵاتی دایە ئەوان، بەرەو تۆڵەکردنەوە نەچوون. بە تایبەتی لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی 1991، دوو فەیلەقی سوپای عێراقی کەوتنە دەستی خەڵکی کوردستان و دەستی پێشمەرگە و جەماوەر. یەک سەربازی عێراقییش نەکوژرا و سووکایەتیی پێ نەکرا.
هەر ئەو سەربازانە بوون کە 4500 گوندی ئێمەیان تەخت کرد، ئەوانە بوون کە ئەنفالیان کرد، ئەوانە بوون کە ئەو هەموو تاوانانەیان کرد، بەڵام تاوانی مەزن هی ئەو کەسە بوو کە بڕیاری تاوانەکەی دابوو.
ئەمڕۆش، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕاستە ئێمە ئازیزی مەزنمان لەدەست داوە و خۆشەویستی زۆرمان لەدەست داوە، بەڵام ئەوان بە سەربڵندی چوونە پێش خودای خۆیان. بە سەربڵندی چوون و گەیشتنە پلەی شەهادەت بەڵام ئەوانەی ئەو تاوانانەیان کرد، بە ڕووڕەشی و شەرمەزاری و سەرشۆڕی چوون.
قەت من خۆم پێم وا نەبوو ڕۆژێک لە ڕۆژان، خودا دەرفەتێکی وامان بداتێ و تۆڵەی تێدا نەکرێتەوە. بەڵام گەلی کوردستان ئەو وانەیەی پێشانی من و هەموو دنیا دا، بەڵام بەداخەوە قیمەت و قەدری ئەو هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان هێشتا نەزانراوە. باسی ئاشتەوایی و پێکهاتنی نیشتمانی لەم وڵاتە دەکەن، ئەوەی لە کوردستان بووە لە هیچ وڵاتێکی جیهان نەبووە. لە کام وڵاتی جیهان حکوومەتی وڵاتەکە میللەتی خۆی کیمیاباران کردووە جگە لە کوردستان. خەڵکی کوردستان کیمیاباران کران. رەنگە دەوڵەتێک، دەوڵەتێکی دیکەی لە شەڕی سەربازیدا کیمیاباران کردبێ، بەڵام میللەتی خۆیان کیمیاباران نەکردووە. بەڵام لە کوردستان وەک لە وێنەکاندا بینیمان، منداڵی شیرەخۆرە و دایکی دووگیان هەموویان شەهید کراون، چ بە کیمیاباران و چ بە فیشەک. شوێنی فیشەک بە سەری ئەوانەوەیە. ئەم تاوانانە چۆن لەبیر دەکرێن؟ بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەم تاوانانە لەبیر نەکرێن و نەوەی داهاتوو بزانن چی بەسەر باب و باپیرانیان هاتووە. بزانن ئەو ئازادییەی بەدەست هاتووە، بە چ نرخێک بەدەست هاتووە و منەتی کەس نییە و کەس خێری بە ئێمە نەکردووە.
لەوەش گرینگتر ئەوەیە جارێکی دیکە ئەم تاوانە دووبارە نەبنەوە. دەبێ ئەو گەرەنتییە هەبێ جارێکی دیکە ئەم تاوانە نە لە کوردستان و نە لە هیچ جێیەکی دیکە دووبارە نەبنەوە. خەڵکی بێگوناه چۆن دەبێ بە خوێنساردی شەهید بکرێن، وەک هیچ ڕووی نەدابێت.
ئەوە ئەم حەقیقەتەی پێشان دا کاتێک میللەتێک ئیرادەی هەبێت و خۆڕاگر بێت، سەرکەوتن هەر دەبێتە بەشی ئەو میللەتە. هیچکاتیش لە مێژوودا نەبووە دیکتاتۆر سەر کەون. هەموو جارێک دیکتاتۆر سەرشۆڕ بووە و تێدا چووە.
وەک زانیومە ژمارەیەک تاقانەی ئەنفال لەم هۆڵەدان، بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەکەم. وشەی تاقانە خۆش نییە. ئێوە تاقانە نین. ئێوە سیمبولی بەرخۆدان و شەرەفی میللەتی کوردن. ئێوە ئازیزی هەموو ماڵێکی کورد و کوردستانن. ئێوە خۆشەویستی هەموو خاوەن ویژدانێکن لە سەرتاسەری جیهاندا. هەموو کەس کەسی ئێوەیە و ئێوە کەسی هەموومانن. من دەزانم و زۆر باش هەست بەوە دەکەم کە ئێوە چ ئێش و ئازارێکتان چێشتووە. دایکی ئێوە چەندەی ئازار بە هەمووتانەوە چێشتووە. بەڵام ئەوە هەمووی جێی سەربڵندییە بۆ ئێوە و بۆ ئێمەش.
ئەمرۆ پێویستە لەسەر حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، ئەو خەڵکە قەرەبوو بکرێتەوە. قەرەبوو نە بە مانای ئەوەی بێن تۆڵەی ئەو خوێنە بۆ ئێوە بکەنەوە و حەقی ئەوەتان بدەنەوە. هیچ سامانێکی جیهان ناتوانێ نرخی ئەو خوێنەی ڕژاوە بدات، بەڵام ئەمە شتێکی مەعنەوی و رەمزییە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێگیر بێت. نابێ ئەو تاوانە هەر وا بە سادەیی بچێت و کەس حسابی بۆ نەکات. تاوانی زۆر گەورە کراوە. قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە لەبەر ئەوەی ئەو میراتگری ئەو حکوومەتەیە کە ئەو تاوانەی کردووە. ئەرکی ئەوانە و نابێ خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە لابدەن. ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام داکۆکی لەسەر ئەوە بکات.
زۆر گرینگە جینۆساید لەسەری ئاستی نێودەوڵەتی بەفەرمی بناسرێت. ئێمە سوپاسی پەرلەمانی فیدراڵی دەکەین کە ساڵی 2008 ئەو بڕیارەی دا بەڵام لە لایەن حکوومەتەوە بەکردەوە هیچ نەکراوە. زۆر سوپاسی پەرلەمانی سویدیش دەکەین کە ساڵی 2012 و پەرلەمانی بەریتانیاش ساڵی 2013 وەکوو جینۆساید ناساندیان. تکا لە پەرلەمانەکانی دیکەی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەش دەکەین، ئەوەی ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە، ئەوانیش بڕیار لەسەر بەجینۆساید ناساندنی بدەن. ئەم بابەتە ئەرکێکی زۆر پیرۆزە هەم لەسەر شانی حکوومەتی هەرێم و هەم حکوومەتی فیدراڵیش دەبێ ئالیکار بێت.
لە دەستووری عێراقدا لە ماددەی 132 فەڕز دەکات لەسەر حکوومەت کە ئەم خەڵکە قەرەبوو بکاتەوە. من هیوادارم دوای ئەم هەڵبژاردنەی عێراق کە لەپێشمانە، ئیدی دۆخێکی سڵامەتتر و تەندروستتر بێتە پێش. دۆخێک بێتە ئاراوە کە ئەو دەستوورەی هەیە حەکەم بێت لە نێوان هەرێم و بەغدا و لە نێوان هەر هاووڵاتییەک و حکوومەت. ئەگەر دەستوور حەکەم بێت ئێمە هیچ کێشەمان نابێت. ئەگەر میزاجی شەخسی ىڕیاردەر بێت کێشەکان بەردەوام دەبن و گەورەتریش دەبن.
لەبەر ئەوەی بە ڕاستی جێی داخە، وەک ئێمە دەبینین هێشتا هێندێک ماون لە ژێر کاریگەریی ئەو کەلتوورەدان کە ئەنفالی دروست کرد. ئەوە نابێ بمێنێ. ئەو کەلتوورە نابێ لە عێراقدا بمێنێت.
من نامەوێ زۆر کاتتان بگرم. دەمهەوێ سوپاسێکی بێ پایانی خەڵکی پارێزگای موسەننا بکەم کە زۆر هاوکار بوون لەگەڵ تیمی ئێمە بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، خودا خێریان بنووسێ و ئێمە هیچکات چاکەی ئەوان لەبیر ناکەین.
لێرەدا دەمهەوێ سوپاسی حکوومەتی هەرێم و هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بکەم بۆ ئەو هەوڵانەی داویانە و پێویستە زیاتریش بێت و بەردەوام بن. بە تایبەتی سوپاسی پرۆفیسۆر دکتۆر یاسین دەکەم بۆ ئەو ڕۆڵەی بینیویەتی چ بە ناساندنی تاوانی جینۆساید، چ بە دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ، چ هێنانەوەی ڕووفاتەکان. ئێمە پەیمانیش بە هەموو ئازیزانمان دەدەین، تا دوایین هەناسە ئێمە هەوڵ دەدەین یەک ئێسکی شەهیدی ئێمە نەمێنت و ئەوەندەی پێمان بکرێت بیانهێنینەوە.
بەم بۆنەیە و بۆ ڕێزگرتن لە دەوری پڕۆفیسۆر دکتۆر یاسین، بە پێویستمان زانی میداڵیای بارزانیی نەمری پێشکەش بکەین.
دیسان هەزار سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و جارێکی دیکە سوپاسی ئێوە و ئامادەبوونتان دەکەم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.