Erbil 31°C چوارشەممە 16 ئەیلوول 20:44

ئێران لە ناو دڵی شاخێکدا بنکەیەکی ئەتۆمیی نوێ دروست دەکات

کوردستان TV
100%

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژی و نێودەوڵەتی لە واشنتۆن ڕایگەیاند جموجۆڵی ئێران لە دامەزراوەی "چیای کۆلەنگ گەزلا" لە باشووری بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئێران لە دەوری ئەم ناوچەیە دیوارێکی بەرزی ئەمنیی دروست کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ێ تشرینی یەکەمی 2025، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژی و نێودەوڵەتی لە واشنتۆن بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک وێنە کە لە ڕێگای مانگی دەستکردەوە گیراون ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خێرایی خەریکی دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی لە ژێر چیای کۆلەنگ گەزلایە و جیا لە دروستکردنی دیوارێکی ئەمنی لە دەوری شوێنەکە، دەرگاکانی چوونە ژوورەوەشی داپۆشیوە بۆ ئەوەی چالاکییەکانی لە مانگە دەستکردەکان بشارێتەوە.

بە پێی ئەم وێنانە کە لە ماوەی 30 ڕۆژی مانگی ئەیلوولدا گیراون، چالاکییەکی بیناسازیی بەربڵاو و خێرا لەم شوێنە لە ئارادایە و پسپۆڕانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژی و نێودەوڵەتی سێ سیناریۆیان بۆ ئەم بنکەکە پێشبینی کردووە:

یەکەم: کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی تەواوکردنی پرۆژەی هۆڵی مۆنتاجی سانتریفیوژە کە لە ساڵی 2020دا بڕیار دراوبوو لە ناو ئەم شاخەدا دروست بکرێت.

دووەم: ڕەنگە ئەو بەشانەی بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان کە لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لەناوچوون وەک بەشی مێتالۆژی و بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی  UF6 بگوازرێنەوە بۆ ئەم شوێنە.

سێیەم: ئەم شوێنە بکرێتە ناوەندێکی نهێنی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەوەی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 60٪ پیتێنراوی ئێران بگەیەنێتە ئاستی 90٪ بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم.

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە جەختیان کردووەتەوە تا ئێستا هیچکام لەم سێ سیناریۆیە پشتڕاست نەکراونەتەوە بەڵام قووڵایی بنکەکە کە لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆش قووڵترە و زۆربوونی ژمارەی توونێلەکانی چوونەژوورەوە و ئەو چالاکییە بەربڵاوەی لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەم شوێنە دەستی پێ کردووە، هەموویان نیشانەی ئەوەن ئێران لە هەوڵدایە بە خێرایی توانای ئەتۆمیی خۆی بەدەست بێنێتەوە.

شارەزایانی ئەم ناوەندە پێیان وایە دروستکردنی ئەم بنکەیە لە ژێر شاخێ و دروستکردنی چەندین ڕێگای چوونەژوورەوە دەتوانێ ئەم بنکەیە بکاتە شوێنێکی پارێزراو لە بەرانبەر هێرشی دەرەکیدا.

بنکەی ئەتۆمیی شاخی کۆلەنگ گەزلا لە باکووری پارێزگای ئیسفەهان هەڵکەوتووە تەنیا کەمتر لە 2 کیلۆمەتر لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز دوورە کە لە هێرشی ئاسمانیی فرۆکەکانی ئەمریکادا لەناوچوو.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.