ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 24ـی ئەیلوولی 2025، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له جۆشوا هاریس هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد و وێڕاى به‌خێرهێنان، هيواى سه‌ركه‌وتنى له ئه‌ركه‌كه‌يدا بۆ خواست.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكايان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ئابوورى و گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى گشتيى داهاتووى عێراق، بيروڕايان گۆڕييهوه.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه. له‌مباره‌يه‌وه هاريس باسى له به‌رژه‌وه‌ندى و به‌ها هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كرد و دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌مريكا پابه‌ندى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيانه.
ده‌رباره‌ى پرسى شايسته دارايييه‌كان و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته به زووترين كات دۆسيه‌ى دارايى و مووچه و شايسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان يهكلايى بكرێته‌وه و به شێوه‌يه‌كى يه‌كجارى چاره‌سه‌ر بكرێت.
مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه كونسوڵى گشتيى ئه‌مريكا له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.
نێچيرڤان بارزانى و هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەردوولا کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته به زووترين كات دۆسيه‌ى دارايى و مووچه و شايسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان يهكلايى بكرێته‌وه
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.