ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئەیلوول شاندێکی باڵای باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق سەردانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سیروان محەمەد بریکاری وەزارەت کۆبوونەوە.
شاندە بەریتانییەکە پێکهاتبوون لە بۆبی ستانسفیلد بەڕێوەبەری گەشەپێدان لە عێراق، ڕیبێکا کاترال جێگری بەڕێوەبەری گەشەپێدان و حەنان خەلیل بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدان، هاوکات نوێنەرانی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) یاوەریان بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر بەرنامەی سێ ساڵەی داهاتووی بەریتانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا. تیشک خرایە سەر پێشنیارکردن و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا بە لەپێشینەیان دەزانێت.
هەروەها باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرژمێری و کاریگەرییەکانیان لەسەر پلانی داهاتوو و پڕۆژەکان کرا ئەگەر بێتوو ئەو کێشانە بێ چارەسەر بمێننەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و وەزارەتی پلاندانان کردەوە، بەتایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی کە لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن لە بوارە جیاجیاکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.