وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە سیستمی "زانکۆلاین" بۆ دەرچووانی پۆلی 12 کارا دەکرێت و ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمساڵ نزیکەی 58 هەزار دەرچوو دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە و 400 کورسی خوێندنیشیان لە زانکۆکانی عێراق بۆ دابینکراوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستی پێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتەکە، لە ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆوە، وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ کارا دەبێت، واتە تاوەکو ڕۆژی 30ـی ئەیلوول.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ 57 هەزار و 980 دەرچووی بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتن پێشکەش بکەن. دەرچووان دەتوانن داواکاری بۆ 680 بەشی جیاواز لە 16 زانکۆی حکوومی لە ڕێگەی سیستمەکانی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران)ـەوە پێشکەش بکەن.
وەک هەنگاوێکی نوێ، ئەمساڵ دەرچووان لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمدا پێویستە ژمارە مۆبایلێکی تایبەت بە خۆیان بەکاربهێنن و کۆدی (OTP) لە ڕێگەی کورتەنامەوە وەردەگرن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، 400 کورسی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ دەرچووانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە. لە بەرامبەردا، 400 کورسی خوێندنیش لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەرچووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دابین دەکرێت.
وەزارەتەکە هۆشداری دەداتە دەرچووان کە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان پشت بە سەنتەرە نافەرمییەکان نەبەستن و خۆیان کارەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە وەزارەت بەرپرس نییە لە هەر هەڵەیەک کە ڕووبدات. هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هیچ پەیج و ئەکاونتێکی نافەرمییان بە ناوی "زانکۆلاین"ـەوە نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.