Erbil 31°C پێنجشەممە 16 تەمووز 21:31

 سەرۆكی حكوومەت سەنتەری پشکنینی کۆمپانیای تۆیۆتا لە دهۆك دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە 9/20، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری دهۆك بە ئامادەبوونی ئیندۆ ئەکیرا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، كۆگا و سەنتەری پشكنینی پێشوەختەی كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی كردەوە.

 

لە گوتەیەکدا كە لە رێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەرەکەدا، پێشكەشی كرد، مه‌سرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت دەستخۆشی لە  "سەردار گرووپ"  کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو متمانەیە دەربڕی كە ژاپۆن بە هەرێمی كوردستانی كردووە و شارێكی كوردستانی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی لێرەوە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی ژاپۆنی كە دەهێنرێنە عێراق پشکنینیان بۆ بکرێت و لێرەوە بۆ شارەكانی دیکە هەناردە بكرێن.

 هه‌ر له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، سەرۆکی حکوومەت پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دووپات كردەوە و گوتیشی ئەم پرۆژە بازرگانییه‌ بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە ئەوانیش بتوانن زیاتر فێری كارەكانی لەم جۆرە بن.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها گوتی:  دڵخۆشبووم كە بینیم بەشێك لەو كارمەندانەی لێرە كار دەكەن، خەڵكی ئێرەن و فێری كاری پیشەیی دەبن، نەك تەنیا ئۆتۆمبێلەكان لێرە هاوردە و هەناردە دەكرێن، بەڵكوو لێرە بە شێوەیەكی زۆر باش لە كۆنترۆلی جۆری كە لێرە دەكرێت بە ستانداردێكی ژاپۆنی و بەشێك لە پارچەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لێرەوە دەبەسترێنەوە، ئەمە هەمووی دروستكردنی هەلی كارە و شارەزاییی زیاتر دێنێتە ناو وڵات و خەڵكی ئێمە فێری كاری باشتر دەبن.

له‌ دوماهیدا، سه‌رۆكی حكوومه‌ت رایگه‌یاند : هیوادارم لەمەش زیاتر كاری پیشەییی لەم جۆرە دروست بكرێ و ئەم كۆمپانیایەش بتوانێت كاری زۆر لەمە گەورەتریش ئەنجام بدات.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.