ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە ستیڤ لۆتس سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - عێراق و جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و شاندی ژووری بازرگانیی ئەمریکا کرد کە لە زیاتر لە 30 کۆمپانیای ئەمریکایی پێکهاتبوون.
لە دیدارەکەدا کە تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا ئامادەی بوو، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگە حکوومییەکان و پێشبردنی ئاستی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان و ئەنجامدانی کار و پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا.
لە بەشێکی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
هەر لە دیدارەکەدا پشتیوانیی تەواو بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان نیشان درایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگەی بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان واڵایە بە تایبەت کۆمپانیا ئەمریکاییەکان.
شاندی ژووری بازرگانیی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بەم کار و هەنگاوانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی کە ساڵانە ئەنجامی دەدەن بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.