Erbil 31°C سێشەممە 07 تەمووز 22:50

لە شێلادزێ سێ پاشماوەی جەنگ لە نزیک پڕۆژەیەکی گەشتیاری هەڵگیرانەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک رایگەیاند، لە نزیک پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە شێلادزێ، سێ پاشماوەی جەنگیان هەڵگرتووەتەوە کە پێکهاتبوون لە دوو گولـلە تۆپ و گولـلە هاوەنێک. دۆزینەوەی تەقەمەنییەکان دوای هەڵمەتێکی هۆشیاریی تیمەکانیان دێت.

رۆژی سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، تیمەکانیان سێ پارچە تەقەمەنیی نەتەقیوەیان لە سنووری ئامێدی هەڵگرتووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، دوای ئەوەی تیمەکانی هۆشیارکردنەوە سەردانی گەلیی باڵندایان کردووە لە سنووری ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی و کارتی هێڵی گەرمی 182ـیان دابەشکردووە، لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی ژمارەیەک پاشماوەی جەنگ لە نزیک پڕۆژەی کۆڕنیشی گەشتیاریی شێلادزێ.

دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنەکە و تەقەمەنییەکانیان گواستووەتەوە. تەقەمەنییەکان پێکهاتبوون لە دوو گولـلە تۆپی 100ملم و گولـلە هاوەنێکی 60ملم.

تیمەکە هەموو تەقەمەنییەکانیان بە سەلامەتی گواستووەتەوە بە مەبەستی لەناوبردنیان.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی بینینی هەر تەنێکی گوماناوی یان پاشماوەی جەنگ، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 182ـەوە بکەن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.