Erbil 31°C سێشەممە 07 تەمووز 06:11

ئیسرائیل بەرپرسانی باڵای حووسییەکانی کردووەتە ئامانج 

کوردستان TV
100%

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوێنێ هەوڵی تیرۆرکردنی سوپاسالاری حووسییەکانی یەمەنی داوە و لە چاوەڕوانیی دەرئەنجامی هێرشەکاندان، کە چەندین شوێنی سەنعای پایتەختی یەمەنی کردووەتە ئامانج.

بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکەی دوێنێی سەنعا، هۆڵێکی کۆنفرانسی کردووەتە ئامانج، کە کۆبوونەوەی وەزیرانی حکوومەتی حووسییەکانی تێدا بەڕێوەچووە بۆ بینینی گوتارێکی عەبدولمەلیک حووسی، رابەری گرووپەکە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپاسالار و وەزیری بەرگریی حووسییەکان گەیشتوونەتە هۆڵی کۆنفرانسەکە.

ئیسرائیل روونیشی کردووەتەوە، "هێشتا سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارییە لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی بەدر و دۆخی ئەو کەسایەتییانەی کە لە ناوەڕاستی هێرشەکەدا بوون".

لە راگەیێندراوەکەدا زیاتر هاتووە: "سەرەڕای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان لەبارەی کوژرانی سوپاسالار و سەرۆکوەزیرانی حووسییەکان، بەڵام ئیسرائیل هێشتا ناسنامەی قوربانییەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە".

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەش کردووەتەوە، هێرشەکە سەرکەوتوو بووە و بەپێی پلانە ئۆپەراسیۆنییەکان دوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی وردی هەواڵگری جێبەجێ کراوە.

پێشتر و ئەمڕۆ هەینی، سەرچاوەکانی راگەیاندن هەواڵی کوژرانی سەرۆکی حکوومەتی ئەنساروڵڵا "حووسییەکان"، ئەحمەد غالب رەهوییان لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلیدا لەسەر سەنعا بڵاوکردەوە، بەڵام سەرچاوە فەرمییەکانی گرووپەکە دەستنیشانکردنی سەرکردەکانیان رەت کردەوە.

ئاژانسی هەواڵیی "نۆڤۆستی" لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە نزیکە لە بنەماڵەی ئەحمەد غالب رەهوی، سەرۆکی حکوومەتی حووسییەکان، گواستوویەتییەوە کە ناوبراو لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا لە کاتژمێرەکانی رابردوودا لە ماڵێک لە ناوچەی حەدەی باشووری سەنعا کوژراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی چوار کەس، لەوانە رەهوی و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی، هاوکات چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.