Erbil 31°C سێشەممە 07 تەمووز 22:51

وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانیان تاوتوێ کرد

کوردستان TV
100%

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانان رایگەیاند، ئامانجیان لە پرۆسەی چاکسازی، بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانییە. شاندی هاوپەیمانانیش جەختیان لەوە کردەوە کە بە هاوبەشی دەتوانن پرۆسەکە خێراتر بکەن.

لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: رۆژی دووشەممە 25ـی ئاب، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ دێک پیلوێک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و راوێژکارانی هاوپەیمانان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و هەڵسەنگاندنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرا.

شۆڕش ئیسماعیل جەختی کردەوە کە پلانی وەزارەت هەنگاوی باشی بڕیوە و بە بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان دەکەن. وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: "ئامانجی پرۆسەی چاکسازی، رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی، کە دواجار دەبێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە ئایندەی چاوەڕوانکراوی وەزارەتی پێشمەرگە".

لەلایەن خۆیەوە، شاندی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان رایانگەیاند، بە گرنگییەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە. هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە بە هاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە، دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازییەکە بدەن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.