ئەمریکا بڕیارێکی کتوپڕی داوە بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە دوو بنکەی سەربازیی گرنگ لە عێراق، کە بریتین لە بنکەکانی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێک لە هێزەکان بۆ هەولێر دەگوازرێنەوە و واشنتن بە بەغدای راگەیاندووە کە پابەندی خشتەی کاتیی کشانەوەکە نابێت.
سەرچاوەکان رۆژی یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، بە کەناڵی سکای نیوز عەرەبییەیان راگەیاند، ئەمریکا بەشێوەیەکی کتوپڕ بڕیاریداوە سەرجەم سەربازەکانی لە بنکەکانی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا لە عێراق بکشێنێتەوە.
سەرچاوە سیاسییە ئاگەدارەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، هێزە ئەمریکییەکان دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سەربازەکانیان بۆ هەولێر و وڵاتێکی عەرەبیی دراوسێ.
هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو، "ئەمریکییەکان هاوتا عێراقییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە پرۆسەی کشانەوەکە خێراتر دەکەن و پابەندی ئەو خشتە کاتییە نابن کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتدا دانراوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاندبوو، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکوومەت و نیشانەی توانای عێراقە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) لە زاری نوعمانەوە بڵاویکردەوە: "کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکوومەت و نیشانەی توانای عێراقە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەبێ پێویستی بە یارمەتیی کەسانی دیکە".
پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندبوو، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنە و جەختی کردبووەوە کە ئەمە کۆتایی کاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نییە بۆ تێکشکاندنی داعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.