ئیدارەی ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ دوورخستنهوهی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بەرگری و دوو بەرپرسی باڵای دیکە، ئەمەش وهك بەشێک لە زنجیرەیەک لە دەرکردنی ئەفسەرە باڵاکانی ئەمساڵ له ئیدارهی دۆناڵد ترهمپ.
ئهمڕۆ شهممه 23ی ئاب، ئاژانسی ههواڵی "فرانس پریس" بڵاویكردووهتهوه: دوورخستنەوەی جەنەڕاڵ "جێفری کرۆس" کە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری بەرگری كردووه، دوای ئەوە دێت کە ئاژانسەکە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی كردووه کە هێرشەکانی ئەمهریکا بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیراندا تەنها چەند مانگێکی کەم بەرنامە ئەتۆمییەکەی دواخستووه.
بهپێی بهدواداچوونی "فرانس پریس" : ئەو هەڵسەنگاندنە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمهریکاوە بڵاوکراوەتەوە، پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، کە پێشتر گوتبووی هێرشەکان سێ شوێنی ئەتۆمی ئامانجداریان له ئێران بەتەواوەتی لەناوبردووە، ئەمەش ترهمپ و بەرپرسانی ناو ئیدارەکەی توڕەکردووە.
بەرپرسانی ئیدارهی دۆناڵد ترهمپ به نهێنی زانیارییهكانیان داوهته میدیا ئهمهریكییهكان، كه جەنەڕاڵ "جێفری کرۆس" چیتر وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بەرگری کارناکات، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ بڕیارەکە بخهنه ڕوو.
جێی باسه، جەنەڕاڵ جێفری کرۆس پێش ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بەرگری، کرۆس وەک راوێژکاری بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی لە کاروباری سەربازیدا کاری کردووە ، هەروەها له راردوودا پۆستی تریشی هەبووە، لەنێویاندا بەڕێوەبەری هەواڵگری بۆ هاوپەیمانی دژی داعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.