نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی بارودۆخی برسێتیی لە کەرتی غەزە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە 500 هەزار کەس لەو ناوچەیەدا ڕووبەڕووی برسێتیی بوونەتەوە لە بەرامبەردا نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئەو هەواڵانە رەت دەکاتەوە دەڵێت لەسەر بنەمای درۆکانی حەماس بنیات نراوە.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئابی 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی بارودۆخی برسێتیی لە کەرتی غەزە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە 500 هەزار کەس لەو ناوچەیەدا ڕووبەڕووی برسێتیی بوونەتەوە، ئەم ڕاگەیاندنە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی پسپۆڕان بوو بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاپۆرتەکەی بە "درۆیەکی ئاشکرا" ناوبرد.
ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن "پۆلێنکردنی قۆناغی یەکپارچەی ئاسایشی خۆراک" (IPC)ەوە دەرچووە کە دەزگایەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە ئاماژەی بەوەداوە کە برسێتی لە غەزەدا بڵاوبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی ئەیلوول بۆ ناوچەکانی دێر بەلەح و خان یونسیش درێژ ببێتەوە.
تۆم فلێچەر یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، کە دەتوانرا ڕێگری لەم برسێتییە بکرێت ئەگەر ڕێگریی ئیسرائیل بۆ گەیشتنی هاوکارییە خۆراکییەکان نەبوایە.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە، نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە "ئیسرائیل سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو ناکات" و هاوکارییەکان بەردەوام بوون لە چوونە ناو کەرتی غەزەوە لە ماوەی جەنگدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند "هیچ برسێتییەک لە غەزەدا نییە و ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای درۆکانی حەماس داڕێژراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.