Erbil 31°C ھەینی 03 تەمووز 14:31

واتسئاپ تایبەتمەندییەکی نوێی AI تاقیدەکاتەوە

کوردستان TV
100%

کۆمپانیای واتسئاپ تایبەتمەندییەکی نوێ بەپشت بەستن بە ژیریی دەستکرد تاقیدەکاتەوە، کە یارمەتیی بەکارهێنەران دەدات بە ئاسانی نامەکانیان بنووسن. تایبەتمەندییەکە دەتوانێت نامەکان بە پێنج شێوازی جیاواز دابڕێژێتەوە، لەوانە فەرمی و کۆمیدی.

بەگوێرەی ماڵپەڕە تەکنەلۆژییەکان، گەشەپێدەرانی ئەپڵیکەیشنی واتسئاپ دەستیان کردووە بە تاقیکردنەوەی تایبەتمەندییەکی نوێ کە پشت بە ژیریی دەستکرد (AI) دەبەستێت بۆ ئاسانکاری لە نووسینی نامەکاندا بۆ بەکارهێنەران.

بەپێی زانیارییەکان، دوگمەی یاریدەدەری ژیریی دەستکرد لە نوێترین وەشانی تاقیکاریی واتسئاپدا دەرکەوتووە کە تایبەتە بە سیستەمی  iOS.

دوگمەی تایبەتمەندییە نوێیەکە دەکەوێتە نێوان بەشەکانی وێنەی جووڵاو (GIF) و ستیکەرەکان (Stickers). کاتێک بەکارهێنەر کرتەی لەسەر دەکات، بۆشاییەک دەردەکەوێت کە تێیدا دەتوانێت رەشنووسێکی سەرەتایی یان بیرۆکەی سەرەکیی نامەکەی بنووسێت. دواتر، ژیریی دەستکردەکە شیکاری بۆ ناوەڕۆکەکە دەکات و وەشانێکی باشترکراو و لۆژیکی بۆ دەقی نامەکە پێشنیاز دەکات.

پێش ناردنی نامەکە، بەکارهێنەر دەتوانێت ستایلێکی گونجاو بۆ دەقەکە هەڵبژێرێت لەنێو 5 بژاردەدا: فەرمی، کۆمیدی، دۆستانە، ستایلێک بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی دەقی سەرەکی، یان ستایلێک کە نامەکە دادەڕێژێتەوە و وشەی هاومانای بۆ هەڵدەبژێرێت.

گەشەپێدەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم تایبەتمەندییە، سەرەڕای ئەوەی پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستێت، راستەوخۆ لەسەر ئامێری بەکارهێنەر کار دەکات و ناوەڕۆکی نامەکان ناگوازێتەوە و لەگەڵ هیچ لایەنێکی سێیەمدا هاوبەشی پێناکات. 

هەروەها بە تایبەتمەندیی "Encryption"ـی واتسئاپ پارێزراو دەبێت، تەنانەت کۆمپانیای مێتاش ناتوانێت دەستی بە داتای ئەو نامانە بگات کە بەهۆی تایبەتمەندییە نوێیەکەوە دەنووسرێن.

پێشبینی دەکرێت تایبەتمەندیی نووسەری دەق بە ژیریی دەستکرد لە ماوەی ئەمساڵدا وەک بەشێک لە نوێکردنەوەکانی داهاتووی ئەپڵیکەیشنەکە، بگاتە دەستی بەکارهێنەران.
 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.