زانکۆی سەڵاحەدین لە هەنگاوێکی نوێ و پێشەنگدا لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیاریدا وانەی "ژیریی دەستکرد" (Artificial Intelligence) وەک بابەتێکی سەرەکی بخاتە نێو پڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشە زانستی و وێژەییەکانییەوە. گوتەبێژی زانکۆکەش ڕایگەیاند، پێشنیازیان کردووە ئەم هەنگاوە لەسەرجەم زانکۆکانی دیکەی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی تەمووز، سامان عەبدوڵڵا گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین بە دیجیتاڵمیدیای (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: دوابەدوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ، ئەنجوومەنی زانکۆی سەڵاحەدین بڕیاریدا وانەی ژیریی دەستکرد وەک بابەتێکی سەربەخۆ لە هەموو بەشە زانستی و وێژەییەکاندا بخوێندرێت، کە ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگە بۆ ئاشناکردنی قوتابییانمان بە تەکنەلۆژیای سەردەم.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە ئەم وانەیە وەک هەر وانەیەکی تری سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و تاقیکردنەوەی وەرزیی یەکەم (میدتێرم) و کۆتاییی ساڵ، هەروەها ڕاپۆرت، ئەرک (ئەسایمێنت)، پێشکەشکردن (پرێزنتەیشن) و تاقیکردنەوەی کورت (کوێز) لەخۆ دەگرێت.
سەبارەت بە زمانی خوێندنی وانەکەش، گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی: زمانی خوێندنی وانەی ژیریی دەستکرد، بەپێی تایبەتمەندیی بەشەکان دەبێت؛ لەو بەشانەی بە زمانی کوردی دەخوێنن، وانەکە بە کوردی دەبێت و لە بەشەکانی دیکەش بەپێی زمانی سەرەکیی بەشەکە دەخوێندرێت.
زانکۆی سەڵاحەدین لە 16 کۆلێژ و 95 بەشی ئەکادیمی پێکدێت، کە زیاتر لە 25,000 قوتابیی بەکالۆریۆس و 2,000 قوتابیی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)ی هەیە. هەروەها، نزیکەی 2,300 مامۆستا بە پلە و پسپۆڕیی جیاوازەوە وانەی تێدا دەڵێنەوە.
سامان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی سەڵاحەدین وەک پێشەنگێک لەم بوارەدا، پێشنیازی فەرمیی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی ئەم وانە گرنگە لە سەرجەم زانکۆکانی دیکەی کوردستاندا بخرێتە پڕۆگرامی خوێندنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.