Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 22:46

کۆشکی کرێملن: بوونی هێزی بیانی لە نزیک سنوورەکانمان جێی قبووڵ نییە

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی کرێملن جەختی کردەوە کە بوونی هەر هێزێکی سەربازیی بیانی لە نزیک سنوورەکانی رووسیا جێی قبووڵ نییە. ئەم لێدوانە وەک وەڵامێک دێت بۆ پلانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە ئامادەیی وڵاتەکەی و بەریتانیای نیشان دابوو بۆ ناردنی هێزێکی ئاشتیپارێز بۆ ئۆکراینا کە ژمارەیان دەگاتە 50 هەزار سەرباز.

ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەمووز، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن، جەختی کردەوە کە بڵاوکردنەوەی یەکەی سەربازیی بیانی لەسەر خاکی ئۆکراینا و لە نزیک سنووری ڕووسیا، بۆ مۆسکۆ جێی قبووڵ نییە.

گوتەبێژی کرێملن گوتی: "ئەم بابەتە بۆ وڵاتی ئێمە زۆر گرنگە. بێگومان بڵاوکردنەوەی یەکەی سەربازیی بیانی لەسەر خاکی ئۆکراینا و لە نزیک سنوورەکانمان، بۆ ئێمە جێی قبووڵ نییە."

ئەم لێدوانەی کرێملن لە دوای قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دێت، سەبارەت بە ئامادەیی "هاوپەیمانیی ئارەزوومەندان" بۆ دەستپێکردنی ئەرکەکەیان لە ئۆکراینا، هەر کە ئاگربەست ڕاگەیەنرا.

ماکرۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دوای کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە لەندەن، ڕایگەیاندبوو کە "هاوپەیمانیی ئارەزوومەندان" بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا، ئامادە دەبێت ئەرکەکەی دەست پێ بکات هەر کە ئاگربەست جێبەجێ کرا.

پێسکۆڤ گوتیشی، مۆسکۆ هەست بە نائومێدی دەکات، چونکە پەیامەکانیان سەبارەت بە قبووڵنەکردنی بوونی سەربازیی ڕۆژئاوا لە ئۆکراینا، وەک پێویست تێی نەگەیشتوون.

پێشتر ماکرۆن ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی ئەو هێزە سەربازییە فەرەنسی - بەریتانییەی کە ئەگەری هەیە دوای ئاگربەست لە ئۆکرانیا بڵاوەی پێ بکرێت، دەگاتە 50 هەزار سەرباز.

ناوبراو لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ کیەر ستارمەر گوتی: "ئێمە کار دەکەین بۆ زیادکردنی قەبارەی ئەم هێزە هاوبەشە لە لیوایەکەوە بۆ فەیلەقێک، کە ڕێگەی پێدەدات تا 50 هەزار سەرباز لەخۆ بگرێت و توانای بەشداریکردنی لە ململانێیەکی بەرفراواندا هەبێت. هەروەها دەتوانێت هاوبەشی دیکەی ئەورووپی لەخۆ بگرێت و بۆ هاوپەیمانیی ناتۆش بەردەست دەبێت."

بەگوێرەی قسەکانی ماکرۆن، هێزی گەڕانی هاوبەشی فەرەنسی-بەریتانی بڕیارە ببێتە بنچینەی هێزێکی نێودەوڵەتیی داهاتوو بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە ئاگربەست لە ئۆکراینا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.