Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 21:14

د. سەباح سوبحی: هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ گەیشتوونەتە رێککەوتن

کوردستان TV
100%

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوتی کوردستان لە بەغدان و ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش دەڵیت، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

رۆژی سێشەممە 8ـی تەمووز، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵمیدیای "کوردستان تیڤی"ی راگەیاند: "هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆیی گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام تا ئێستا لەسەر دۆسیەی نەوتی کوردستان رێککەوتن نەکراوە".

 

تا ئێستا رێککەوتن نەکراوە

زیاتر لە دوو مانگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ، لەبارەی چۆنیەتیی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە گفتوگۆ دەکەن. د. سەباح سوبحی دەڵێت، خاڵی جێی ناکۆکی لەو دۆسیەیە ئەو رێژە نەوتەیە کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵیت؛ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کاتی خۆی 46 هەزار بەرمیل نەوتی مانگانەی دیاری کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو رێژەیەش بۆ هەرێمی کوردستان یەکجار کەمە.

بە گوتەی د. سەباح، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو رێژەیە رازی نییە و سوورە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان پشکی شایستەی خۆی وەربگرێت، بە گشتی عێراق داوا دەکات مەلەفی نەوتی کوردستان بدرێتە ئەوان کە ئەوەش نە دەستوورییە و نە یاسایی.

وەکو ئاماژەیشی پێ دەدات؛ "بڕیار بوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پرسی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کۆ ببێتەوە، بەڵام بەهۆی پشووی عاشووراوە کۆبوونەوەکەیان دوا خرا، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرسی مووچە و رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا گەنگەشە دەکات و دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین وەزیرە کوردەکان لەو کۆبوونەوەیە چەندە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکە دەبێت".

 

لەسەر داهاتی ناوخۆیی رێک کەوتوون

داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان یەک لە خاڵە جێ ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو و وەزارەتی دارایی عێراق چەندین جار ئەو بابەتەی بە رێگر لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەران زانیوە. د. سەباح سوبحی دەڵێت هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئەو پرسە گەیشتوونەتە رێککەوتن.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە کوردە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ رێک کەوتوون مانگانە 100 ملیۆن دینار داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان رەوانەی وەزارەتی داراییی عێراق بکەن.

 

رێککەوتنەکە دەبێتە بنەما بۆ یاسای نەوت و گازی داهاتوو

ئەو تەوەرانەی هەرێمی کوردستان و عێراق دانوستانیان لەبارەوە دەکەن، بریتین لەسەر پرۆژەی هەژماری من، داهاتی ناوخۆ و نەوتی کوردستان. د. سەباح سوبحی پێی وایە رێککەوتن لەسەر ئەو دۆسیانە بەشی زۆری ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەکات.

د. سەباح سوبحی دەڵێت؛ "رێککەوتنەکە دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ یاسای نەوت و گازی داهاتووی عێراق و بەشی زۆری ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە ساڵانێکە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدا هەن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.