ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵی سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق.
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە: شاندەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆكایەتی دکتۆر حەیدەر جاسم بەڕێوەبەری گشتی سندووقی خانەنشینی عێراق بوو، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەی بابەتی لێبڕینی (3%) مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێکەوتی (2014/1/1) تا (2024/6/30) لە ڕێکەوتی (2025/6/1)ـەوە مانگانە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا پرسی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە و چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و مووچەکانیان لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ئەم كۆبوونەوەیە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بووە و پێشتر لە ڕێکەوتی (13ی ئایاری 2025) بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و بەڕێوەبەری گشتی سندووقی خانەنەنشینی عێراق کرابوو بە مەبەستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.