Erbil 31°C دووشەممە 28 ئەیلوول 20:05

سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان سەلماندی كە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە 49ـیەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "شۆڕشی گوڵان، یەكێكە لە گرنگترین وێستگەكانی بەرخودان و خەباتی گەلی كوردستان".

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 49 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "شۆڕشی گوڵان بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت و بەردەوام دەبێت".

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی 49ـیەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی گوڵان، یەكێكە لە گرنگترین وێستگەكانی بەرخودان و خەباتی گەلی كوردستان كە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. لە بارودۆخی نالەباری دوای نسكۆ و لە ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیارانی گەلی كوردستان توانرا بە پلانێكی وردی تەنزیمی و سەربازی و بە ئیرادەیەكی بەهێز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت.

لە شۆڕشی گوڵاندا گەلەكەمان قوربانیی زۆری دا، زۆر پێشمەرگەی قارەمان گیانی خۆیان فیدای كوردستان كرد، بەشێكی زۆری ڕۆڵەكانی گەلەكەمان ئاوارەیی و ماندوویەتی و كۆڵنەدانیان هەڵبژارد. شۆڕشی گوڵان بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت و بەردەوام دەبێت.

لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین، هەروەها پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە كە ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبوو و شانازییان بۆ گەلەكەمان تۆمار كرد.

مسعود بارزانی

26ی ئایاری 2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.