نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ دانوستانی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، ئەمەریکا پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 1٪ـیش لە ئێران قبوڵ ناکات، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایدەگەیەنێت؛ "چ بە رێککەوتن بێت و چ لە دەرەوەی رێککەوتن، ئێمە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبین".
رۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025 ستیڤ ڤیتکۆف، سەرۆکی شاندنی دانوستانکاری ئەمەریکا لەگەڵ ئێران بە کەناڵی ئەی بی سی وڵاتەکەی راگەیاند؛ "دۆناڵد ترەمپ هەموو رێکارەکانی پەیوەست بە چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێرانی گەیاندووەتە تاران، بەڵام لە لایەکی تریشەوە هێڵە سوورەکانی ئێمە زۆر روونە، کە ئەویش پیتاندنی یۆرانیۆمە. ئێمە تەنانەت 1٪ـی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لە ئێران قبوڵ ناکەین".
سەرۆکی شاندنی دانوستانکاری ئەمەریکا دووپاتیکردەوە؛ "ئێمە پێشنیازێکمان داوەتە ئێرانییەکان کە بەشێک لەو پێموایە بەشێک لەو پرسە، بەبێ ئەوەی بێڕێزییان پێ بکرێت، چارەسەر دەکات". ڤیتکۆف روونی نەکردەوە کە پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ ئێران چییە، بەڵام پێشتریش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە بە نووسراوی فەرمی رێکارەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانیان گەیاندووەتە تاران.
دوابەدوای ئەو لێدوانەی نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ "لێدوانی ڤیتکۆف زۆر دوورن لە ناوەڕۆکی دانوستانەکان، پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "ئەگەر ئەوان حەزیان لێیە متمانە دروست بێت بۆ ئەوەی چەکی ئەتۆمی دروستنەکرێت، ئێمە بۆ ئەمە ئامادەییمان تێدایە، بەڵام ئەگەر داواکاریی نا لۆجیکییان هەبێت، ئەوە سرووشتییە کە داواکارییەکەیان جێبەجێ ناکرێت".
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا باسی لەوە کردووە؛ "پیتاندنی یۆرانیۆم ریخۆشکەرە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بۆیە هەموو رێککەوتنێک لەسەر بنەمای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دروستدەبێت".
واشنتن و تاران بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران تاوەکو ئێستا چوار جار کۆبوونەوەتەوە و گفتوگۆکانیان بە ناوبژیوانی عومان دوو جار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و دوو جاریش لە مەسقەت بەڕێوەچووە. سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو گوتی بە فەرمی نووسراومان لەبارەی رێککەوتنەکە بۆ تاران ناردووە و ئەگەر بە خێرایی وەڵام نەداتەوە، شتێکی خراپ روودەدات، بەڵام لە وەڵامدا ئێران گوتی هیچ نامەیەکی فەرمییان پێ نەگەیشتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.