بڕیارە ئەمڕۆ ئێران و ئەمەریکا لە عومان گفتوگۆ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بکەن، شاندی ئەمریکی کە بەر لە گفتوگۆکە سەردانی مۆسکۆیان کردبوو، لە مۆسکۆوە گەیشتوونەتە مەسقەت و شاندەکەی ئێرانیش لە تارانەوە بەرەو پایتەخی عومان بەڕێکەوتوون
رۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025 ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی بڵاویکردووەتەوە: "فڕۆکەکەی ستیڤ ڤیتکام، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لە مۆسکۆوە بەرەو پایتەختی عومان بەڕێکەوتووە و کەمێک پێش ئێستا فڕۆکەکەی لە مەسقەت نیشتووەتەوە".
ستیڤ ڤیتکام رۆژێک بەر لە گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئێرانی، سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
هاوکات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕێکەوتنی شاندی دانوستانکاری ئێرانی لە فڕۆکەخانەی میهرابادی تارانەوە راگەیاند.
عەباس عێراقچی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ڤیتکام لە مەسقەتی پایتەختی عومان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران گفتوگۆ بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مانگێک دوای دەستبەکاربوونی نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران نارد و تیایدا داوای لێکرد بێتە سەر مێزی دانوستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
لەو نامەیەدا ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر ئێران مل بۆ ئەم دانوستانە نەدات، داهاتوویەکی خراپ چاوەڕێیان دەکات، عەلی خامنەیی لە رێگەی عومانەوە وەڵامی نامەکەی ترەمپی دایەوە و هەردوولا رێککەوتن دانوستانەکانیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان ئەنجام بدەن.
هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا چەند جارێک لە کۆشکی سپی بە میدیاکانی راگەیاند؛ "ئەگەر ئێران لەگەڵمان رێکنەکەوێت، بۆردومان دەکرێت، بەجۆرێک بۆردومان دەکرێن کە تاوەکو ئێستا لە نموونەی نەبووە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.