بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەكان، ئەمەریكا و ئیسڕائیل بەشێوەی نهێنی پلانیان داڕشتووە و لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سێ وڵاتی ئەفریقی رازی بكەن زۆرترین رێژەی دانیشتووانی غەززە لەخۆ بگرن.
رۆژنامەی (ئەسۆشەیتد پرێس) لەسەر زاری چەند بەرپرسانی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە: ئەمەریكا و ئیسڕائیل بەنهێنی گفتوگۆ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەفریقیا دەكەن كە ئەوانیش بریتین لە سوودان و سۆماڵ و كۆماری زەوی سۆماڵ بە مەبەستی لەخۆگرتنی ئاوارە فەڵەستینییەكانی غەززە.
هەرچەندە دوێنێ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ نوێنەری فەڵەستینییەكان لە واشنتن، جەختی كردبووەوە كە هیچ كەسێك لە غەززە دەرناكرێت، بەڵام سەرچاوە رۆژنامەوانییەكە جەختی لەوە كردەوە كە ترەمپ لەژێرەوە لە جێبەجێكردنی پلانەكانی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی غەززە بەردەوامە.
گفتوگۆكان لەگەڵ هەرسێ وڵاتە ئەفریقییەكە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن ئیسڕائیل و بە ئاگاداری ئیدارەی ترەمپ ئەنجام دەدرێت.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ئیسڕائیل و ئەمەریكا هەوڵ دەدەن بە پارە و دەستكەونی ئەمنی و دیبلۆماسی، هەرسێ وڵاتە ئەفریقییەكە رازی بكەن بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەكانی غەززە.
لەبەرامبەریشدا تا ئێستا هەرسێ وڵاتە ئەفریقییەكە رەتی دەكەنەوە سەبارەت بەم بابەتەوە لەلایەن ئەمەریكا و ئیسڕائیل گفتوگۆیان لەگەڵدا كرابێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ماوەیەك بەر لە ئێستا پێشنیاری كردبوو دانیشتووانی غەززە ناوچەكانیان چۆل بكەن و رەوانەی هەردوو وڵاتی میسڕ و ئوردن بكرێن، بەڵام پێشنیارەكە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتیش میسڕ و ئوردن بەتەواوەتی رەتكرابووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.