Erbil 13°C شەممە 01 ئازار 16:24

وەزارەتی نەوتی عێراق: لەچەند كاتژمێری داهاتوودا دەستپێكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنرێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بەفەرمی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا رادەگەیەنرێت.

ئەمڕۆ هەینی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی پڕۆژەی خوری زوبێری لە پارێزگای بەسڕە كردووە كە تایبەتە گواستنەوەی غاز لە ریگەی بۆڕییەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: حەیان عەبدولغەنی لەمیانەی سەردانەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە عێراق لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بەفەرمی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە رادەگەیەنێت.

وەزارەتی نەوت هەر لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە قۆناغی سەرەتادا رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكرێت و بە تێپەڕبوونی كات ئەم رێژەیە زیاد دەكرێت.

دوێنێ پێنجشەممە باسم نەغیمش ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو: سەرجەم رێكارە هونەری و یاساییەكان تەواو بوون و هیچ رێگرییەك لەبەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەماوە و لە چەند رۆژی كەمی داهاتوو پڕۆسەی هەناردەكردنەكە رادەگەیەنرێت.

هەروەها رایگەیاندبوو: رێكارەكان بەهەمان خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەچن و چەند رێكارێكی كەمی هونەری لە لایەنی توركیا ماوە، بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین رێكارەكان گەیشتوونەتە قۆناغەكانی كۆتایی.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، دەنگ بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕالی درا، لە بڕگەی 12ی یاساكە ئاماژە بەوەدراوە كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەست پێ دەكاتەوە، هەروەها رێككەوتن لەسەر بڕی تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان كراوە كە بە 16 دۆلاری ئەمەریكی دیاری كراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.