Erbil 31°C سێشەممە 22 ئەیلوول 02:51

سوودانی: پێویستە په‌رله‌مانی عێراق ھەمواری یاسای بوودجەی گشتیی بەبێ گۆڕانکارییەکان پەسند بکات

کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەمواری یاسای بوودجەی گشتیی بەبێ گۆڕانکارییەکان پەسند بکات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە کۆشکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، مەحمود مەشھەدانی و جێگرەکانی موحسن مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵا و سەرۆک فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و گرنگیی پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکانی حکوومەت، بە ئامانجی تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان تاوتوێ کراون، کە پەیوەندییی راستەوخۆیان بە ژیانی ھاوڵاتییانەوە ھەیە.

باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوکەدا، باس لە پەرەپێدان بە ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی بەرنامەی حکوومەت، باسی لە دوایین دەقی ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی گشتیی کرا کە لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەش کراوە و لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردووەتەوە کە تایبەتە بە پرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرھەمھێنانی بەرمیلێک نەوت کە ڕۆژی 5ی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە 45ھەمین دانیشتی ئەنجوومەنی وەزیراندا پەسەند کراوە، ھەروەرھا بە نووسراوی ژمارە 15 ی نوێنەری حکوومەت لەئەنجومەنی نوێنەران پشتڕاست کراوەتەوە و لە 23ی کانوونی دووەم بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە و ھەمان ئەو دەقە لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگی لەسەر دراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا، ڕاشیگەیاندووە کە پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەمواری یاسای بوودجەی گشتیی بەبێ گۆڕانکارییەکان پەسند بکات.

باسی لەوەش کردووە لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگرەکانی و سەرۆک فراکسیۆنەکان، پاڵپشتی خۆیان بۆ پەسەندکردنی ئەو دەقەیەی کە حکوومەت لەبارەی ھەموارکردنی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە، ڕاگەیاندووە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.