ئەمڕۆ سێشەممە 2025.1.21، بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەنگەر کانەبى، بەرپرسى لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی، لە ڕێورەسمێکدا لە سەنتەرى قەزایی قوشتەپە، بنکەی تەندروستی شەهیدانی ئەنفال لە جۆری B ى کرایەوە، کە بە گوژمەى ( 400 هەزار دۆلار ) لەسەر بودجەى ڕێکخراوى UNHCR بونیاتنراوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە قائیمقامى قەزایی قوشتەپە و بەرێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و نوێنەرى ڕێکخراوى UNHCR و WHO و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانی حزبى و حکومی سنووری قەزاکە ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتووانی سنوورى قەزاکە، ئومێدى خواست هاوڵاتییان هەمیشە ساغ و تەندروستبن، ئاماژەى بەوەشدا کردنەوەى ئەم بنکە تەندروستییە سەرەڕاى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بە هاولاتییان و پەنابەان، بەشێکى گرنگ و کاریگەرە لە هاوکارى و چارەسەرکردنى دانیشتوانى قەزایی قوشتەپە.
پارێزگارى هەولێر، وێڕاى سوپاس بۆ ڕێکخراوى UNHCR کە بە هەماهەنگى وەزارەتى تەندروستى ئەو بنکە تەندروستییە دروستکراوە هیواى خواست پەیوەندى و هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ قەیرانەکانى پارێزگا و دەزگاى خێرخوازى بارزانى بەردەوام بێت، دەست خۆشیشى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى هەولێر و قائیمقامیەتى قەزایی قوشتەپە و سەرۆکایەتى شارەوانى قەزاکە، کرد کە خەمخۆران و پەرۆشانە ئەوکارەیان ئەنجامداوە.
جێگەى باسە، بنکەی تەندروستی شەهیدانی ئەنفال، کە لەجۆرى B یە لەسەر ڕووبەرى ( 870 م2 ) دروستکراوە و خزمەت بەزیاتر لە ( 20 هەزار ) خێزانى قەزای قوشتەپە دەگەێنیت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.