Erbil 16°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 16:01

ڕژێمی ئەسەد 72 شێوازی ئەشکەنجەدانی لە گرتووخانەكان بەکارھێناوە

کوردستان TV
100%


لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد، ھەزاران کەس لە سووریا بە 72 شێواز لە 50 گرووخانە و ناوەندی دەستبەسەرکردندا، ئەشکەنجە توند دراون.

بەپێی ڕاپۆڕتێک کە لەلایەن تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوکراوتەوە لە میانی شەڕی ناوخۆی سووریا، یەک ملیۆن و 200 ھەزار کەس لەلایەن ھێزەکانی سەربە ڕژێمی ڕووخاوی سووریا دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی جۆرەھا ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو گرتووخانانەی کە نەیارانی ڕژێم تیایاندا دەستبەسەر کرابوون و ئەشکەنجەی توند دەدران، دابەش کرابوون بەسەر گرووخانەی مەدەنی و سەربازیی، ئەمە جگە لەوەی چەند ناوەندێکی دیکەی دەستبەسەرکردنی نھێنی نافەرمی و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەی سەر بە یەکە ئەمنییەکان، بوونیان ھەبوو.

باس لەوەش کراوە کە لە میانی حوکمڕانی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد-دا، 50 گرتووخانە و ناوەندی دەستبەسەرکردن لە سەرجەم پارێزگاکانی سووریا، ھەبوون.

ھاوکات لەگەڵ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەیەک لە پارێزگاکانی سووریا لەلایەن ھێزەکانی دژبەری ڕژێمەوە، زیندانیکراوان لە گرتووخانەکانی ناوەندی لە حەلەب، حەما، حومس، سوەیدا، عەدرا لە دیمەشق ئازادکران.

ھەروەھا لە ڕاپۆرتەکەدا، باس لەوەش کراوە کە ھەریەک لە گرتووەخانەکانی سیدنایا، مزە، قابون لە دیمەشق، بالون و تەدمور لە حومس لەنێو خراپترینی ئەو گرتووخانانەدان کە ئەشکەنجەدانی توند بەرامبەر بە زیندانیکراوان تیایاندا بەکارھێنراوە.

جگە لە زیندانە ناسراوەکان، ھەروەھا ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد نەیارانی خۆی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی نھێنیدا کە مەبەستی ئەشکەنجەدان دروستی کردبوون، زیندانی کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو ناوەندانە سەر بە فیرقەی چواری سوپای ڕژێم بوون بە سەرکردایەتی ماھیر ئەسەد برای سەرۆکی ڕژێمی ڕووخاو، بەشار ئەسەد.

ھەروەھا ڕژێم لە سەرەتای ساڵی 2012دا، ھەندێک ماڵ و یاریگای کردبووە ناوەندی دەستبەسەرکردن و باس لەوەش کراوە کە کەمپی دێر شمیل باکووری ڕۆژئاوای حەما یەکێک بوو لە ناوەندەکانی دەستەبەرکردنی ڕژێم.

جگە لەم ناوەندانە، ھەروەھا ژمارەیەک ناوەندی دەستبەسەرکردنی ھەبوون کە سەربە چوار دەزگای ھەواڵگریی سەربازیی بوون کە بریتین لە دەزگای ھەواڵگریی سەربازیی، دەزگای ئاسایشی سیاسی، بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگریی گشتیی و بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگریی ھێزی ئاسمانی.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد لە میانی حوکمڕانی خۆیدا، 72 شێوازی بۆ ئەشکەنجەدانی زیندانیکراوان لە 50 گرووخانە و ناوەندی دەستبەسەرکردندا، بەکارھێناوە، لەوانە ئەشکەنجەدانی جەستەیی، دەروونی و سێکسی.

لە ڕاپۆرتەکەی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەش خراوەتەڕوو، ھەروەھا ڕژێم پەنای بردووەتە بەر ئەو کردارانەی کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن، وەک کاری زۆرەملێ و بەجێھێشتنی دەستگیرکراوان لە زیندانی تاکەکەسی دا.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو ئەشکەنجانەی کە ڕژێم لە گرووخانەکاندا بەکاری ھێناوەن بریتین لە ڕشتنی ئاوی کوڵاو بەسەر جەستەی زیندانیکراواندا، ھەروەھا نوقمکردنی زیندانیکراوان لە ئاو بۆ ئەوەی ھەست بە خنکاندن بکەن، لێدان بە کارەبا، سووتاندنی کیسەی نایلۆن لەسەر جەستەی زنیدانیکراوان، کوژاندنەوەی جگەرە بەسەر جەستەی زیندانیکراوان، ھەروەھا سووتانی پەنجە، قژ و گوێی زیندانیکراوان.

ھەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕژێم شێوازی دیکەی ئەشکەنجەدان بەرامبەر بە زیندانیکراوان لە گرتووخانەکاندا بەکارھێناوە کە بریتیین لە دەرهێنانی نینۆک و بڕینی پەنجەکانی دەست و پێیەکان ئەوەش بە پلایس، بڕینی گوێ و ئەندامی زاوزێ بە ئامێری وەک مقەست.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.