Erbil 17°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 17:38

پرۆژه‌ی ئاوی هه‌ولێر زیاتر له‌ 20%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و به‌ سێ شه‌فت كارى تێدا ده‌كرێت

کوردستان TV
100%

كاركردن له‌ پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر به‌ باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ واده‌ی خۆیدا ته‌واو بكرێت، ڕۆژانه‌ به‌ سێ شه‌فت كار له‌ پرۆژه‌كه‌دا ده‌كرێت، تا ئێستاش زیاتر له‌ 20%ی كاره‌كانی پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه.
ڕێكه‌وتى 8/9/2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەكه‌ی دانا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ "ئه‌و پرۆژه‌یه‌ تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر ناهێڵێت".
له‌ باره‌ی به‌ره‌وپێشچوونی پرۆژه‌كه‌ و ئه‌و كارانه‌ی تاوه‌كوو ئێستا جێبه‌جێكراون، ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕایگه‌یاند: كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌دا به‌ باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تاوه‌كوو ئێستاش زیاتر له‌ 20%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ گوتیشی: لە ئێستادا کۆمپانیای جێبه‌جێكار سەرەڕای نالەباری کەشوهەوا، بە سێ شەفت لەڕێی هەزاران کرێکار و سەدان ئامێری جیاجیا كار ده‌كات و ڕێژەی زیاتر لە 20% پرۆژەکە تەواو کراوە، سەرەڕای ئەوەش بەشێکی زۆری ئەم کەلوپەلە میکانیکی، کارەبایی و ئه‌لیکترۆنیيانەی بۆ پرۆژەکە پێویستن، لە دەرەوەی وڵات داواكراون، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ واده‌ی خۆیدا ته‌واو بكرێت و بخرێته‌ خزمه‌ت دانیشتووانی شاری هه‌ولێره‌وه‌.
گوژمەی پرۆژه‌كه‌ نزیكەی 480 ملیۆن دۆلاره‌ و له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت. به‌ ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه،‌ كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ ڕێژه‌ى 100% چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
له‌ ڕۆژێكدا 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەپاڵێوێت و بۆ هه‌ر كاتژمێرێكیش 20 - 21 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوى خاوێن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر دەنێرێت.
پرۆژه‌كه‌ به‌ چوار هێڵى سه‌ره‌كيى گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان شه‌قامى 120 مه‌ترى و شه‌قامى 150 مه‌ترى جێبه‌جێ ده‌كرێت و گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان ئه‌و شه‌قامانه‌ و ده‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هه‌ريه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى داره‌توو، بنه‌سڵاوه‌، كه‌سنه‌زان، پيرزين، شاوێس، بەحركه‌، عەنكاوه‌ و سێبيران لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى ئاوى پرۆژه‌كه‌ له‌ زێى گه‌وره‌ ده‌ستپێده‌كات و پاككردنه‌وه‌ و پاڵاوتنى ئاوه‌كه‌ و فلته‌ركردن و كلۆركردنى‌ ئاوه‌كه‌ به‌ ستانداردى ڕێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى (WHO) و عێراقى جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌ پرۆژه‌ى فرياگوزاريى خێراى ئاوى هه‌ولێر، 200 كيلۆمه‌تر بۆڕیی سپايڕۆڵ بە تیرەی 300ملم تاکوو 1600 ملم به‌كاردێت و 280 کیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم، بۆ به‌ستنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ به‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر، به‌كار دێت

 

شوان عه‌زیز
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.