ئەمڕۆ، 26ی تشرینی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی سەنتەرى هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دانا؛ کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی LDSی ئەمەریکییەوە بنیات دەنرێت.
ئەم سەنتەرە لەسەر ڕووبەری 13 هەزار مەتر دووجا و لە سەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر دروست دەکرێت. زەویی باڵەخانەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە. لە ماوەی 18 مانگدا تەواو دەکرێت و ستافی ڕاهێنراوی لەلایەن پسپۆڕانی نێودەوڵەتییەوە بۆ دابین دەکرێت.
باڵەخانەی سەنتەرەکە لە بەشەکانی بەڕێوەبردن، ئاسایش و سەلامەتی، شوێنی چاوپێکەوتن، نۆرینگە، ناوەندی پاککردنەوەی ئاڵوودەبوو بە ماددەی هۆشبەر، تاقیگە و پشکنینی پزیشکی، ڕێنمایی و چارەسەری دەروونی، هۆشیاری و لێکۆڵینەوەی زانستی، شوێنی مانەوەی نەخۆش و بەشی چالاکیی جەستەیی و وەرزشی، حەواندنەوە و کاتبەسەربردن، شوێنی وەستانی ئوتومبێل و ڕووبەرێکی زۆری سەوزاییی پێک دێت.
بەشێک لە ئەرکەکانی سەنتەرەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی LDS، دەست بە پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، پەیوەست بە مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەکەن. هەروەها سیستەمی چارەسەر لەسەر بنەمای پشتبەستن بە بنەما پزیشکی و چارەسەرە زانستییەکان دەبێت؛ کە خۆی دەبینێتەوە لە هۆشیارکردنەوە، پاککردنەوە، بەدواداچوون.
ئەم سەنتەرە هەوڵێکی گرینگی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە پێناو ڕێگەگرتن لە زیاتر تەشەنەكردنی ئەم هەڕەشە و یارمەتیدانی تووشبوان و ئاڵوودەبووان و هاوكاریكردنیان بۆ دووبارە شیاندنەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی. هەروەها هەوڵێكە بۆ زیاتر پەرەپێدانی هۆشیاری لەبارەی مەترسی و لێكەوتە و كارەساتی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.