نووسینی : کرمانج مستەفا
شانۆی سیاسی فۆرمێکی هونەرییە کە لە وەڵامی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا سەریهەڵدا، بەتایبەتی دوای جەنگی جیهانی یەکەم ، کاتێک هۆشیاریی سیاسی و پێویستی بە وە بووشانۆ لە خزمەتی خەڵکی زەحمەتکێشان بێت و گوزارشت لە پرسەکانیان بکات ، شانۆی سیاسی پشت بە وتار و بەڵگەنامەی ڕۆژانە دەبەستێت و دەیکاتە ئامرازی هاندان و کۆکردنەوەی کۆمەڵایەتی، هەرچەندە لە ڕووی کاریگەرییەوە هاوشێوەی پلاتفۆرمە سیاسییەکانە، بەڵام ئامرازی هونەری جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ خستنەڕووی پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بە واقیعی ڕۆژانەی خەڵک.
شانۆی سیاسی جۆرێکە لە هونەرە نمایشییەکان کە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە لە ڕێگەی دەق و نمایشی شانۆیە کانەوە ، کە بینەران هان دەدەن بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کارلێککردن لەگەڵ ڕووداوە هاوچەرخەکاندا، ئەم جۆرە شانۆیە خۆی لە خستنەڕووی کێشەکەدا سنووردار ناکات، بەڵکو بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت بۆ بەرزکردنەوەی مشتومڕ و هۆشیارکردنەوەی خەڵک و هاندانی گۆڕانکاری، شانۆی سیاسی تیشک دەخاتە سەر چینی کرێکار و پەراوێزخراوەکان و توخمە واقیعیەکانی وەک بەڵگەنامە و ڕۆژنامە و ڕووداوی ڕۆژانە بەکاردەهێنێت، هەروەها بە تێکەڵکردنی هونەر و سیاسەت جیا دەکرێتەوە ، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە ئامرازێک بۆ گەیاندنی بیرۆکە و کۆکردنەوەی بینەر لە دژی نادادپەروەری و ستەمکاری ، وە شانۆی سیاسی لەوە تێدەپەڕێت کە تەنها نمایشێکی هونەری بێت ، بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێکی بەرخۆدان کە بەشدارە لە بنیاتنانی هۆشیاری بەکۆمەڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددای کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەمەش وایکردووە گرێ بدرێت بە بزووتنەوە گۆرانکارییە مێژوویی و شۆڕشگێڕییەکانەوە، وە ئاشکرایە شانۆ ئامرازێکی بەهێزە بۆ دەربڕینی کولتووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها یەکێکە لەو ئامرازە گرنگانەی کە بەشدارە لە گەشەسەندنی کۆمەڵگاکان و کاریگەریی بیرکردنەوەی هەیە سەبارەت بە پرسەکانی خۆشاردنەوە لەپەنایی ناڕاستی و درۆدا ، لە نمایشی شانۆیی (بارانا درەوان) کە ئامانجی تیشک خستنە سەر بارودۆخی هەڵبژاردن و بەڵێنە سیاسییە ساختەکانە ، کە کاریگەریی نەرینیان لە سەر دواڕۆژیی کومەڵگەدا هەیە .
نمایشی شانۆیی ( بارانا درەوان ) لە نووسینی( بابی نازێ) و ئامادەکردن و دەرهێنانی (عادل حسن) و بەریوە بەرایەتی رۆشنبیری دهوک وگروپی شورشڤانی هونەری ، کە لە رۆژانی (٢-٣-٤-١١-٢٠٢٤) لە هۆڵی مەلای جزیری لە شاری دهوک هاتە نمایشکردن ، کە لە لایەن ( تۆری میدیایی كودرستان ) بەرهەم هێنرا بوو، کە ئەمەش گوزارشت لە پەیامی (تۆری میدیایی كودرستان) دەکات، بۆ پشتگیریکردنی لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هەستیارەکان، هەروەها پابەندبوونی خۆی بە بەرزکردنەوەی وشیاری کۆمەڵگە لە ڕێگەی هونەری شانۆوە نیشان دەدات، کە پشتگیری کردنە بۆ پاڵپشتیکردنی کولتوری ناوخۆیی و بەکارهێنانی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە رێگایی هونەری شانۆوە ، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی حەزی (تۆری میدیایی كودرستانە) ،ب ۆ بەکارهێنانی کولتوور و ڕێوڕەسمە ناوخۆییەکان بۆ بەرزکردنەوەی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەمەش وا دەکات نمایشە شانۆیەکە پەیوەندیدارتر و کاریگەرتربێت بۆ بینەری کوردی، پشتگیری (تۆری میدیایی كودرستان) بۆ ئەم جۆرە بەرهەمانە ، نیشان دەدات کە (بەها ) دەبینێت لە بەستنەوەی ناوەڕۆکی سیاسی بە کلتوری ناوخۆیی، کە بەمەش ئنتما بۆ نیشتیمان لەلایان تاک و کۆمەڵ بەرز دەکاتەوە.
درووست کردنی وشیاری بۆ پرسەکانی هەڵبژاردن تۆری میدیایی كودرستان ، بە بەرهەمهێنان و پاڵپشتیکردنی نمایشی شانۆیی ( بارانا درەوان ) کە پەیامی وشیاریی هەڵگرتووە، پابەندبوونی خۆی بە بڵاوکردنەوەی وشیاری سەبارەت بە گرنگی بەشداری سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشان دەدات، کە ئەم دەستپێشخەرییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە (تۆری میدیایی كودرستان) ڕۆڵی خۆی نەک تەنها لە کات بەسەربردن و ئاگادارکردنەوەدا دەبینێت، بەڵکو لە بنیاتنانی وشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی وەک شەفافیەت، بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵەی سیاسی و گرنگی هەڵبژاردنی حزب و کاندیدی ڕاستگۆ دەبینێت ، وە گەیاندنی پەیامی نمایشەکە بۆ زوورترین بینەر ئەمیش بە تومارکردنی نمایشەکەو پەخشکردنی لە ڕێگەی کەناڵی کوردستان تیڤی و کەناڵە جیاجیاکانی تۆڕە کومەڵایەتیەکان، کە پەیامی نمایشەکە دەگەیەنتە بینەرێکی فراوانتر ، کە ئەوانەی دەرفەتی بینینی نمایشەکەیان نە بووە لە رۆژی نمایشە کەدا، هەروەها پەخشکردنی دەرفەت بۆ بینەرانی ناوچە جیاوازەکان و وڵاتانی دراوسێ دەڕەخسێنێت کە بەدواداچوون بۆنمایشەکە بکەن، ئەمەش ئاستی وشیاری سەبارەت بە پرسەکانی هەڵبژاردن بەرز دەکاتەوە ،نەک تەنها لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو کوردستان وەک نموونەی ووڵاتیکی دیموکراتی نیشان دەدات لە ناوچەکانە دا.
(تۆری میدیایی كودرستان) هانی هونەرمەندان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی کاری هونەری بۆ وشیارکردنەوە کومەڵگە ، وە بە پاڵپشتیکردنی ئەم نمایشە شانۆیە پەیامێکە بۆ ستافی شانۆگەری (بارانا درەوان ) کە (تۆری میدیایی كودرستان ) پێشوازی لەو بەرهەمانە دەکات و پشتگیریان دەکات کە باس لە پرسە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە دەکەن، ئەمەش دەبێتە هاندەریک تاوەکو هونەرمەندان لە هەموو بوارەکانی هونەر بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان، کار لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و هاندەری گۆڕانکاری ئەرێنیبن، وە بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بنیاتنانی دیموکراسیدا بە پاڵپشتیکردنی ئەو شانۆگەرییانەی باس لە بابەتەکانی سیاسی دەکەن، تۆری میدیایی كودرستان پابەندبوونی خۆی بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە ڕێگەی هۆشیارییەوە نیشان دەدات، ئەمەش وای لێدەکات ڕۆڵ ببینێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە زیاتر هۆشیارتر و کاریگەرتربێت لە دروستکردنیدا ، کە تاکی نێو کومەڵگەش بڕیاری راستەقینە دەدات بۆ بنیاتنانی دیموکراسی .
بە گشتی پشتیوانی (تۆری میدیایی كودرستان) شبۆ نمایشی شانۆیی (بارانا درەوان ) بەو مانایەیە کە باوەڕی بە ڕۆڵی شانۆ هەیە ، وەک ئامرازێک بۆ پرسیارکردن و هاندانی بیرکردنەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ڕۆڵی میدیا وەک بەشێک لە بزووتنەوە بۆ وشیاری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، کە شانۆ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە وشیار کردنەوەی کۆمەڵگە و لەبابەتە جیا جیا کاندا، سەبارەت بە پرسەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان . لێرەدا چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو کە تیشک دەخەنە سەر گرنگی شانۆ لەم چوارچێوەیەدا:
١- پەروەردەی سیاسی: شانۆ دەکرێت وەک ئامرازێک بێت بۆ پەروەردەکردنی ڕای گشتی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن، لەوانەش چۆنیەتی دەنگدان و گرنگی بەشداریکردنی هاوڵاتی لە هەڵبژاردندا.
٢- هاندان بۆ گفتوگۆکردن : نمایشی شانۆیی کە بابەتەکەی بابەتیکی سیاسی بێت، دەتوانێت هاندەر بێت بۆ گفتوگۆکردن نێوان تاکەکاندا سەبارەت بە پرسە گرنگەکان، بۆ بەرەوپێشبردنی وشیاری گشتی و بەشداری چالاکانە لە پروسەی هەلبژاردندا .
٣- خستنەڕووی پرسەکانی کۆمەڵگە: شانۆ دەتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەو تەحەددای و دەرفەتانە بێت ، کە کومەڵگە لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وەک گەندەڵی و درۆ و راستی .
٤- گۆڕینی ڕەفتار: شانۆ توانای کاریگەری لەسەر بۆچوون و ڕەفتاری تاک هەیە، بە دابینکردنی نمونەی ئەرێنی بۆ بەشداریکردنی لە پروسەی سیاسی، دەتوانرێت خەڵک هانبدات بۆ ئەوەی هەنگاوی کارا بەرەو دەنگدان و بەشداریکردن بنێن.
٥- پتەوکردنی شوناسی نەتەوەیی: بە چارەسەرکردنی پرسی هەڵبژاردن لە شانۆدا، دەتوانرێت هەستی سەربەخۆیی و شوناسی نەتەوەیی بەهێزتر بکرێت، ئەمەش هاندەری هاووڵاتیان دەبێت بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی دیموکراسیدا.
٦- گەیاندنی پەیامەکان بە شێوەیەکی داهێنەرانە: شانۆ دەتوانێت پەیامی ئاڵۆز بە شێوەیەکی سادە و زەق بخاتە ڕوو، زانیاری سیاسی سەرنجڕاکێشتر و ئاسانتر بۆ بینەر رۆن بکاتەوە .
کە واتە دەتوانین بڵێین شانۆ دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، بەشداری بکات لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی وشیارتر وچالاک تر.
( بارانا درەوان) ناو نیشانی ئەم نمایشی شانۆیییە کە توانی دەروازەیەکی کاریگەر بێت بۆ ڕۆشنکردنەوە لەسەر تەحەددیات و کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمان بەتایبەتی سەبارەت بە زانیاری هەڵەی میدیا و بەڵێنی درۆ، و فریودانی سیاسی، لێرەدا چەند بیرۆکەیەک سەبارەت بە چۆنیەتی بنییاتنانی نمایشی شانۆیی ( بارانا درەوان) بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگە سەبارەت بە پرسەکانی هەڵبژاردن دەخەینەڕوو:
١- ئاشکراکردنی درۆی سیاسی: نمایشی شانۆیی (بارانا درەوان) کە کردەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان پیشان دەدات کە بەڵێنی درۆ دەدەن ، بۆ ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەران، بەڵام ڕووداوەکانن نێو نمایشەکە وردە وردە ڕاستی ئەو بەڵێنانە دەردەخەن ، و ئەو فێڵانەی لە پشتیانەوەیە ئاشکرا دەکەن، کە ئەمەش یارمەتی خەڵک دەدات بۆ جیاکردنەوەی سیاسەتمەدارە ڕاستگۆ و چەواشەکارەکان.
٢- ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی زانیاری درۆی میدیایی: نمایشی شانۆیی ( بارانا درەوان) توانی ڕۆشنایی بخاتە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، و کاریگەرییەکانی لەسەر بڕیارەکانی دەنگدەران.
٣- تیشک خستنە سەر ڕۆڵی دەنگدەری وشیار: ئاکتەرەکان لە رێگەی کارەکتەرەکان توانیان وێنایی ئەو دەنگدەری وشیارانە بن ، کە بە وردی لە زانیارییەکان دەکۆڵنەوەو، کە ڕەوایەتی بەڵێنەکانی کاندیدەکان پشتڕاست دەکەنەوە، ئەمەش هانی خەڵک دەدات کە ڕەخنەگری هۆشیاربن لە هەڵبژاردنەکاندا.
٤- کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا: نمایشی شانۆیی ( بارانا درەوان ) توانێ وێنایی بکات کە چۆن درۆ سیاسییەکان هاووڵاتییان بێزار دەکەن و کێشە کۆمەڵایەتییەکان توندتر دەکەن، ئەوەش پێویستی بە بەشداری وشیارانە یە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری .
٥- پێشکەشکردنی پەیامی ئەرێنی بۆ چاکسازی: نمایشی شانۆیی ( بارانا درەوان ) جگە لە ئاشکراکردنی درۆ، توانێ بەو پەیامە کۆتایی پێبهێنێت کە گۆڕانکاری ئەگەری هەیە ، ئەگەر تاکەکان وشیار و بەرپرسیاربن، هەروەها کاندیدەکان لەسەر بنەمای دەستپاکی هەڵبژێرن نەک دروشمی درۆ.
کەواتە نمایشی شانۆیی (بارانا درەوان) توانی ئامرازێکی وشیارو کاریگەر بێت ، کە یارمەتی کۆمەڵگە بدات بۆ درککردن بە گرنگی هەڵبژاردنی کاندیدەکان لەسەر بنەمای کردار، نەک بەڵێن و دوورکەوتنەوە لە کەوتنە داوی زانیاری هەڵە لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا، نمایشی شانۆیی ( بارانا درەوان) توانی کار لەسەر شێوازی ناوخۆیی بکات ، وە لە ڕێوڕەسمی و یارییە فۆلکلۆرییەکان کەڵک وەربگرێت، بەمەش توانێ بینەرچالاکترو پەیوەندیدارتر بکات بە نمایشەوە ، بە تایبەت کە ئامانجی پەروەردەکردنی کۆمەڵگە یە سەبارەت بە پرسەکانی هەڵبژاردن .
(عادل حسن)ی دەرهێنەر توانیبووی ، لە رێگەی ئەکتەرەکانی دیالۆگ و زاراوەی ناوخۆیی و پەندە باوەکان بەکاربهێنن، بۆ پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ بینەردا، ئەمەش وادەکات پەیامەکان ئاسانتروکاریگەرتربن بۆ بینەر، وە پەندە باوەکان توانی تیشک بخەنە سەر چەمکەکانی وەک: ڕاستگۆیی و دەستپاکی و ئاگادارکردنەوە لە درۆ و فریودان، وە بە بەکارهێنانی سەما و گۆرانی فۆلکلۆر، توانرا نمایشەکە چێژبەخش و نزیکببێت لە روحی بینەر ، ئەمەش کارلێککردنیان لەگەڵ ناوەڕۆکی نمایشەکە زیاد دەکات، وایکرد بینەر بیر لەو پەیامە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە بکەنەوە کە نمایشەکە پەخشی دەکرد.
نمایشی شانۆیی (بارانا درەوان) توانی کارەکتەرە ڕەمزییەکان ئاشنابکات و، بە ژینگەی ناوخۆیی بناسێنێ، وەک هەردوو دەف ژەنەکەو حکایەت خوانەکان و گۆڕینی کەسایەتیەکان بۆ کەسانی تر ، کە سەلیقەی ئاکتەرەکانی نیشان دەدا ، کە ڕووداوەکانی نمایشەکە ڕوون دەکەنەوە، بینەر بەرەو تێڕامان دەبەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بە سادەکردنی پەیامی نمایشەکە، و زیاتر پەیوەندیتری بکات بە بینەرەوە ، وە بە بەکارهێنانی یارییە فولکلۆریەکان لە چوارچێوەی ڕووداوەکانی نمایشەکەدا، وەک یارییەکانی ڕکابەری و فێڵبازی، توانی ببیتە ڕەمزێک بۆ شێوازەکانی سیاسەتمەدارە ڕکابەرەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێویستی وشیاربوون و دوور کەوتنەوە لە بەڵێنی درۆ لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکاندا لە لایەن خەڵکەوە، وە گرینگیدان بە گۆرانی و لاوک و شیعری بەکۆمەڵ ووتنەوە لە نێو نمایشەکەدا، دەربڕینە بۆ ناڕەزایی خەڵک لە درۆی سیاسی ، یان خواستیان بۆ گۆڕانکاری بەکاربهێنرین ، ئەمەش پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ بینەردا دروست دەکات.
گۆرانی ولاوک و شیعری شاعیرانی کلاسیک وەک فەقی تەیران وئەحمەدی خانێ ، پەیامی نمایشەکەی سەرنجڕاکێشتر وپڕ جۆش و خرۆشتر کرد ،وە نمایشەکە توانێ لە ڕێگەی بە تەوزیف کردنی نوکتەی وەرگیراو لە نوکتە باوەکان ، یان بارودۆخە کۆمیدییە باوەکان بەکاربهێنیت ، بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بە شێوەیەکی کومیدی و چێژبەخش، ئەمەش قورسایی بابەتە سیاسە کان کەمبکاتە وە ، بەڵام قووڵایی پەیامەکە بپارێزێت.
بەم شێوەیە نمایشی( بارانا درەوان )توانی بەشێک بێت ، لە وشیارییەکی دەستەجەمعیی ناوخۆیی ،کە لەسەر بنەمای ڕێوڕەسمی و نەریتە جەماوەریەکان دامەزراوە، وە بیکاتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ ڕێنماییکردنی کۆمەڵگە بەرەو بەشداریکردنی وشیارانە و ڕەخنەگرانە لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها یارمەتیان بدات، بۆ درککردن بە گرنگی هەڵبژاردنی کاندیدە دەستپاک و لێهاتووییەکان .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.