بەگوێرەی زانیارییەكان رێژەی بەشداریكردن لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە سنووری مەخموور و قەراج و كەندێناوە و گوێڕ و مەلاقەرە 100% بووە، بۆ ئەم مەبەستەش لقی 23ی پارتی دیموكراتی كوردستان سوپاسی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەكات كە بۆ سەرژمێری گەرابوونەوە ناوچە رەسەنەكانیان.
لقی 23ی قەرچووغی پارتی بڵاوی كردەوە "سوپاس و پێزانین بۆ هەموو هاووڵاتییانی رەسەنی سنووری قەزای مەخموور و ناحیەکانی قەراج و کەندێناوە و مەلاقەرە و گوێڕ و سەرجەم گوندەکانی ئەو سنوورە کە بۆ رۆژانی سەرژمێری بەوپەڕی جۆش و خرۆش و بەلێشاو و کەڕنەڤاڵ ئاسا سەربەرزانە گەڕانەوە زێدی باب و باپیرانیان".
بڵاویشی كردەوە "لە ئیستادا کە 100%ی سەرژمێری و تۆمارکردن لەو سنوورە گرنگە ئەنجامدراوە، بە گرنگی دەزانین سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بكەین کە دەرفەتی پشووی رەخساند بۆ سەرجەم کارمەندان و قوتابیانی سنووری ماددەی 140".
لقی 23ی قەرەچووغ هەروەها سوپاسی تاک بە تاکی ئەو خێزانانەش كرد كە دەرگای ماڵەکانیان خستە سەرپشت بۆ ئازیزانیان.
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا كە گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ زێدی خۆیان، وەڵامێکی جەرگبڕبوو بۆ ئەوانەی گرەویان لەسەر کاڵبوونەوەی هزری نیشتیمانی و نەتەوەیی دەکرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.