وەزیری پلاندانان ماوەی درێژكردنەوەی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند و جەختی كردەوە كە پڕۆسەكە تاوەکو تۆماری هەموو خێزانەکان بەردەوام دەبێت.
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "لە بەردەوامی پرۆسەی جێبەجێکردنی سەرژمێری لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 5 رۆژی ڕابردوودا ڕێژەیەکی بەرزی کارەکان جێبەجێ کراوە، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگی تەکنیکی".
راشیگەیاند "لەم کاتەدا هاووڵاتییان پەیوەندی زۆر دەکەن بە سەنتەی پەیوەندییەکان لە ژووری عەملیاتی سەرژمێری و بەرێوبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان، تاوەکو دڵنیا ببنەوە کە سەردان دەکرێن".
دارا رەشید هەروەها رایگەیاند "لەبەر ئەوەی پێشتر راگەینرابوو کە پرۆسەکە لەم قۆناغە بۆ دوو رۆژ بەردەوام دەبێت دواتر ناتوانین کەس تۆمار بکەین، بەڵام لێرەوە هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە تاوەکو تەواوکردنی تۆماری هەموو خێزانەکان پرۆسەکە بەردەوام دەبێت".
وەزیری پلاندانان داواشی لە سەرجەم ئەو خێزانانە كرد کە تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە لە ماڵەکایان بمێنەوە، چونکە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو دووا خێزان و دووا هاووڵاتی تۆمار دەکرێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.