Erbil 14°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 21:58

تێر شتیگن هه‌نگاوه‌كانی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری خێراتر كردووه‌ له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یاریگاكان

100%


ئاماده‌كردنی هه‌واڵ -كه‌مال یوسف

ئاندرێ تێر شتیگنی ئەڵمانی گۆڵپارێزی یانەی بەرشەلۆنە لە پێناو خێراکردنی گەڕانەوەی بۆ یارییەکان پەنای بۆ چارەسەرێکی داهێنەرانە برد.

شتیگن لە 22ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە کاتی یارییەکدا بەرامبەر ڤیاریال له‌ خولی لالیگای ئیسپانی تووشی پێکان بوو، دواتر لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان پشتڕاستی کردەوە کە بە تەواوی لە ڕیشاڵی ئەژنۆی ڕاستیدا تووشی پچران بووە.

تێر شتیگن بە سەرپەرشتی دکتۆر جوان کارلێس مونیاو نەشتەرگەری بۆ کرا، هەروەها بە بەدواداچوون لەلایەن ستافی پزیشکی بەرشەلۆنەوە ماوەی چاکبوونەوە دیاری نەکرا، بەڵام پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە چانسی یاریکردنی لەم وەرزەدا کەمە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی، تێر شتیگن سەردانی ئەڵمانیای کردووە و لە مەشقەکانی تیپەکەدا دەرکەوتووە بە سەرۆکایەتی جولیان ناگلسمانی راهێنه‌ر.

گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بەردەوامە لە چاکبوونەوە لەژێر چاودێری ستافی پزیشکی لە شاری وەرزشی بەرشەلۆنە، بەڵام پەنای بۆ چارەسەری تایبەت بردووە کە ڕەنگە پرۆسەی چاکبوونەوەی خێراتر بکات، ئەمەش دەرگای گەڕانەوەی بۆ یاریگاکانی مانگی نیسان یان ئایاری داهاتوو دەکاتەوە، هاوکات دڵنیایی دەدات کە بەر هیچ مەترسییەک نەکەوێت.

تێر شتیگن چارەسەرێکی داهێنەرانە وەردەگرێت بە خانە بنەڕەتییەکان بە سەرپەرشتی دکتۆر ڕۆبەرت سۆلەر کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی جیهان لەم بوارەدا کە بنکەکەی لە شاری بەرشەلۆنەیە تێچووی چارەسەرەکە نزیکەی 13 هەزار یۆرۆیە.

چارەسەرەکە بریتییە لە دەرهێنانی خانە بنەڕەتییەکان لە مۆخی ئێسکی نەخۆشەکە لە ناوچەی حەوز لە ژێر بێهۆشکردندا، و نەشتەرگەرییەکە تەنها لە ماوەی یەک کاتژمێردا تەواو دەبێت.

خانەکان دەنێردرێت بۆ تاقیگەکانی باوەڕپێکراو لەلایەن دەزگای دەرمانی ئیسپانیاوە، لەوێ بۆ ماوەی 20 ڕۆژ ده‌چێندرێت، دواتر دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەوەی چاندنێکی سادەیان بۆ بکرێت، دوای ئەوە نەخۆشەکە بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە چالاکییەکانی دەکاتەوە.

ئەم تەکنیکە کە دکتۆر سۆلەر سەرۆکایەتی دەکات، ڕێگە بە وەرزشوان دەدات زوو دەست بە ڕاهێنانی بارکردن و بەرگری بکات، ئەمەش پرۆسەی چاکبوونەوە زۆر خێراتر دەکات، هەروەها بۆ هەمیشە ڕیشاڵی تێکچوو دووبارە دروست دەکاتەوە، ئەمەش گرنگە بەتایبەتی چونکە تێر ستیگن پێشتر تووشی کێشەی ئەژنۆ بووە.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.