Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 22:34

لە هەولێر پێشانگای کار و دەستپێکردنی "پۆرتاڵی هەلی کار" کرایەوە

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.11.10، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و زەکیە سەعید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەروەر که‌مال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لێنارت دێریدەر، بەرپرسی هەماهەنگی لەیەکێتی ئەوروپا و سەرۆک و ئەندامانى ژوورى بازرگانى و سەندیکای کرێکاران و نوێنەری رێکخراوی ILO و ژمارەیەکى زۆر لە خاوەن کۆمپانیا و پیاوانى کار، لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە بەشدارى نزیکەی 50 کۆمپانیا، پیشانگای کار و دەستپێکردنی "پۆرتاڵی هەلی کار"ى کردەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەنگاوەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتی کار و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستەسەر ئەو ستەم و نا دادپەرورییەی کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەبەرمبەر گەلی کوردستان بە بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان گرتیەبەر، هەروەها هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانیش بۆ هەرێمی کوردستان بە هۆکارێکی تری بارگرانی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی دەرفەتی کار لە هەرێمی کوردستان وەسفکرد و ئومێدی خواست ئەو پڕۆژەیە ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر ڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان و گەنجان و هاوڵاتییان و ڕۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری کە یەکێکە لە ئامانج و ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جێگەى باسە، ڕاگەیاندنی "پۆرتاڵی کار"، کە ماڵپەڕێکە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان چەندان هەلی کار لە کەرتی تایبەت  لەسەر بنەمای ئەزموون و شارەزایی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت، پرۆسەیەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکاران جێبەجێ دەکرێت، تا هەلی کاری خۆیانی تێدا ڕابگەیەنن. هەروەها کارخوازانیش بەپێی بوونی ئەزموون و شارەزایی خۆیان دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵەکە کاری دڵخوازی خۆیانی تێیدا بدۆزنەوە، لە پیشانگاکەشدا کارخوازان دەتوانن ڕاستەوخۆ سەردانى کۆمپانیاکان بکەن و لەوێدا تیمێک هەژمارێکى تایبەتی بەخۆڕاییان بۆ دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکى ئاسان بەدواى کارى دڵخوازى خۆیان بگەڕێن.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.