گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی11ی2024 تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی (TBI) کۆ دەبنەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە مەبەستی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی ڕێکارەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من، ئەمڕۆ هەردوو تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراق بۆ بازرگانی (TBI) کۆ دەبنەوە.
هەورامانی باسی لەوە کرد، ئەو بانکانەی پرۆژەی هەژماری من، لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دانانیان پێدا نراوە، یاسایین و هیچ کێشەیان نییە.
دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2024، عەقیل شوێلی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بانکی TBI بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکەکەمان گرێبەستی لەگەڵ پرۆژەی 'هەژماری من' ئیمزا کرد.
ئەو بەرپرسەی بانکی 'تی بی ئای' باسی لەوەش کرد "تەنها یەک لقی بانکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە نزیکترین کاتدا دوو لقی دیکەش لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی دەکەینەوە."
شوێلی، ڕوونیشی کردەوە، لە چوارچێوەی گرێبەستەکە، بڕیارە پڕۆژەی "هەژماری من" دانانی ATM بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ بگرێت، 34 هەزار فەرمانبەر ناوی خۆی تۆمار کردووە و ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەشداربوو ماستەرکارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، هەر ئەمڕۆ 3900 کارتی دیکەیان ڕەوانەی لقی هەولێر کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.