Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 15:01

تەواوی زانیارییەكان لەبارەی هێرشەكەی ئەنقەرە و ناسنامەی هێرشكارەكان

کوردستان TV
100%

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشێكی چەكداری كرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازی فڕۆكەوانی و ئاسمانی (تووساش) لە ناوچەی كەهرەمان كازان لە نزیك ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و بەهۆیەوە كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە.

هێرشەكە لەلایەن دوو چەكدار كە ئافرەتێك و پیاوێك بوون ئەنجامدراوە، دوو چەكدارەكە بە ئۆتۆمبێلێكی تەكسی گەیشتوونەتە بەردەم دامەزراوەی پیشەسازی فڕۆكەوانی و ئاسمانی و راستەوخۆ دەستیان بە تەقەكردن كردووە.

وەك لە گرتە ڤیدیۆی چاودێریی دامەزراوەكەدا دەردەكەوێت، هەردوو چەكدارەكە هەر لەنێو گەراجی ئۆتۆمبێل دەست بە تەقەكردن دەكەن و دوو لە پاسەوانەكانی دامەزراوەكە دەكوژن و دەچنە نێو هۆڵی پێشوازییەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردۆتەوە، هەردوو چەكدارەكە لە كاتی هێرشەكەدا خۆیان تەقاندۆتەوە.

عەلی یەرلیكایا وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند: بە كوژرانی هەردوو چەكدارەكە، كۆتایی بە هێرشەكەی ئەمڕۆی ئەنقەرە هاتووە.

لەبارەی ژمارەی قوربانییەكان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كە ئێستا بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی (BRICS) لە رووسیایە، رایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەكەدا چوار كەس كوژراون.

جگە لە كوژراوەكان، 14 كەسی دیكەش بەهۆی هێرشەكە بریندار بوون كە دۆخی تەندروستی 3 لە بریندارەكان لە مەترسیدایە.

سەبارەت بە ناسنامەی چەكدارەكان، وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماژەی بەوە دا كە لایەنە پەیوەندارەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی هێرشكارەكان و ئەو لایەنەی لە پشتیانەوە بوونە، دواتریش بۆ رای گشتی بڵاو دەكەنەوە.

ڤیدیۆ.. ساتی یەكەمی ئەنجامدانی هێرشەكە:-

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.