سەرۆكی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێكدا جەختی كردەوە كە پڕۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە شاری هەولێر بەشێوەیەکى ئارام و دوور لە گرفت و کێشە بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "ئاگاداری گشت هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەکەینەوە، دوایی کۆتایی هاتنى پڕۆسەى دەنگدانى گشتیى و دەرکەوتنى دەرەنجامە سەرەتاییەکان، بە شێوەیەکی هێمن و ئارام و دوور لە گیر و گرفت، خۆشییەکانى خۆیان دەرببڕن و پەنا نەبردرێتە بەر تەقەکردن".
راشیگەیاند "هەرکەس و لایەنێک یاسا بشکێنێ و تەقە بکات، دەستگیر دەکرێت و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر".
ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند "سوپاس و دەستخۆشى بۆ سەرجەم هێزەکانى ناوخۆ کە پلانى ئەمنى پارێزگاى هەولێریان وەک چۆن داڕێژرابوو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى ئارام و دوور لە گرفت و کێشە جێبەجێ کرد و هیچ لەمپەرێک نەهاتە پێش".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر سوپاسی هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگای هەولێری كرد کە وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى هێزە ئەمنییەکان بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.