وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئهمڕۆ پێنجشهممه 17ی10ی2024 خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەندرێت.
ئێوارهی ڕۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردهوه، ماوەی سێ هەفتەیە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم لیستی مووچە و خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون لە شاری بەغدادن و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگەکانی بوودجە و ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەنجامداوە.
ئاماژه بهوهش كراوه، بەشی زۆری کێشەکانی لیستی مووچە چارە کراوە، کە خۆی لە تێبینیەکانی نەبوونی بایۆمەتری و ناوی هاوشێوە و کێشەی بایۆمەتری و وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان و کێشەی فەرمانبەرانی میلاکی حکوومەتی هەرێم لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەبینێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاشیگهیاندووه، ڕۆژی چوارشەممە ( 2024/10/16 ) بڕی (109،663،329،000) سەد و نۆ ملیار و شەشسەد و شەست و سێ ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینار وەك شایستەی ڕاگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران، تەمووز، ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە یەکچوو بوو لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدابوو خەرجکرا.
ههروهها ڕاگهیهندراوه، شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەمێنێتەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ئەو مووچە ڕاگیراوانەی تر کە بریتییە لە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی حکوومەتی هەرێمن و لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەوام دەکەن، بەشێک لەدەرماڵەو سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران تا لە نزیکترین کاتدا ئەو شایستانەش خەرج بکرێن، هەروەها بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە حکوومەتی هەرێم لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکەیانی جێبەجێکردووە بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ تەمویلی هاوتاکردنەکەی خەرج نەکردووە.
له كۆتاییدا وهزارهتی دارایی و ئابووری ئاماژهی بهوهش داوه، بڕی ئەو پارەیەی لەئێستادا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی ( 800 ) ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی ( 997 ) ملیار دینارە، سبەی پێنجشەممە خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕادەگەیەندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەی تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.