بۆ لەمەودوا سەرجەم كرێكارانی هەرێمی كوردستان دەتوانن ئەكاونت لە سیستەمێكی تایبەت حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكەن بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە هەلی كاریان دەستبكەوێت، هەروەها خاوەن كارەكانیش دەتوانن لەم سیستەمەوە كرێكار بۆ پڕۆژەكانیان بدۆزنەوە.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی هات بە خولى تایبەت بە (سیستەمى بەکارخستنى کرێکارى خۆماڵى) بەمەبەستى پاڵپشتى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 172ى ئەنجوومەنى وەزیران تایبەت بە ڕێژەى کرێکارى بیانى لە پڕۆژەكاندا.
بڵاویشی كردەوە: ئەم سیستەمە ماوەى شەش مانگە لەلایەن کۆمپانیایەکى ناوخۆ کارى لەسەر دەکرێت و دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئەو گەنج و لاوانەى بێکارن، لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە دەتوانن ئەکاونتێکى تایبەت بەخۆیان دروست بکەن و ئەو هەلى کارانە ببینن کە لەگەڵ توانا و پسپۆڕییان دەگونجێ.
هەروەها بڵاوی كردەوە: خاوەنکارەكانیش بە هەمانشێوە دەتوانن ئەکاوتنى تایبەت دروست بکەن و پێویستییان بۆ دەستى کارى خۆماڵى لە سیستەمەکەدا بخەنەڕوو.
ئەم سیستەمە دەبێتە هۆى پاڵپشتى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 172ى ئەنجوومەنى وەزیران كە نابێت هیچ پڕۆژەیەک ڕێژەى کرێکارى بیانى لە %25 زیاتر بێت.
سیستەمەكە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی كارا دەكرێت و لە رێگەیەوە کرێکار دابین دەکرێ بۆ ئەو پڕۆژانەى کە کرێکارى خۆماڵییان پێویستە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.